کوردستان

یەكێتی دژی هەنگاوێکی خراپ لە پارێزگا کێشە لەسەرەکە دەوەستێتەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دژی تاپۆنەكردنی خانووە بێ تاپۆكانی كەركوك دەوەستێتەوە و ئەندامێكی ئەنجومەنەكەش ئاماژە بەوە دەکات، هەموو رێكارێكی یاسایی و كارگێڕی دژی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە دەگرنەبەر.

د. ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی، لەبارەی تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆو بێ تاپۆكانی سەرجەم پارێزگاكانی عێراق جگە لە كەركوك، بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی راگەیاند "هەرچەندە تائێستا بڕیاری تاپۆنەكردنی خانووە زیادەڕۆ و بێ تاپۆكانی كەركوك بەنووسراوی فەرمی نەگەیشتووەتە ئەنجومەنی پارێزگای شارەكە، بەڵام هەر كەسێك لەپشت دەركردنی ئەو بڕیارەوەبێت بەتەواوەتی لەزیانی كەركوكییەكان كار دەكات و وەك ئەنجومەنی پارێزگا و فراكسیۆنی یەكێتی دژی دەوەستینەوە و هەموو رێكارێكی یاسایی و كارگێڕی دژی جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەگرینەبەر، چونكە ئەم بڕیارە لەدژی كەركوك و كەركوكییەكانە".
 
ناوبراو وتیشی "بەمەبەستی بەدواداچوون رێگریكردن لەجێبەجێكردنی بڕیارەكە، هەرزوو لەگەڵ لێپرسراوانی یەكێتی لە بەغدا و چووینە سەر هێڵ و د. خالید شوانی وەزیری دادی عێراق، هەوڵی جددی داوە بۆ ئەوەی لەو بڕیارەدا كەركوك لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق جیانەكرێتەوە، لەبەر ئەوەی گەڕەكە كورد نشینەكانی كەركوك زەرەرمەندی یەكەمن، چونكە لەدوای ساڵی 2003ەوە زۆرێك لە خانووی گەڕەكە كورد نشینەكان بێ تاپۆ درووستكراون".

د. ئەحمەد کەرکوکی ئاماژەی بەوەشدا، لەئێستادا چاوەڕوانی هاتنی لیژنەیەكی تایبەتمەندن كەلە بەغداوە بێت بۆ كەركوك و بەمەبەستی لێكۆڵینەوە سەردانی گەڕەكە بێ تاپۆكانی شارەكە بكات.

وتەکانی ئەندامەکەی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەکاتێکدایە، بەگوێرەی هەواڵێك كە لەئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بڵاوكراوەتەوە، بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق لەپشكی پارتی، لەكۆبوونەوەی رۆژی 12ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی وەزیراندا، دەقی بڕیارێكی وەزارەتەكەیانی خوێندووەتەوە كە ئیمزای خودی بەنگین رێكانی لەسەرە و تیایدا بڕیاریانداوە، لە سنووری هەموو پارێزگاكانی عێراق خانووە زیادەڕۆو بێ تاپۆكان لەسەر ناوی خاوەنەكانیان تاپۆ بكرێن، بەڵام ئەو بڕیارە بە تەنها هاوڵاتییانی پارێزگای كەركوك ناگرێتەوە.

بەڵام بەگوێرەی هەمان میدیا، لەكۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا خالید شوانی وەزیری دادی عێراق لە پشكی یەكێتی، بەتوندی دژایەتی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دەربڕیوە و راگەیاندووە، بڕیارەكە ستەمێكی گەورە لە خەڵكی كەركوك دەكات و نابێت ئەو جیاكارییە بكرێت.
 
2025-01-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.