کوردستان

سوریا خاڵێک بە زۆرەمڵێ دەسەپێنێت بەسەر هەسەدە

نها نیوز - هەواڵەکان

پاش سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، رێگە نادەن سوریا ببێتە هەڕەشە لەسەر دراوسێکانی و رێگە بە دابەشبوونی خاکەکەشی نادەن. هاوکات وەزیرەکەی سوریا رایگەیاند، دەبێت ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگەڕێنەوە بۆ حکومەتی ناوەند.
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی "ئیدارەی نوێ رێگە نادات خاکی سوریا بۆ دروستکردنی هەڕەشە بۆسەر تورکیا و گەلی تورکیا بەکاربێت، کاردەکەین بۆ لەنێوبردنی ئەو هەڕەشانە".
  
وتیشی "سوپاسی تورکیا دەکەین بۆ متمانەپێکردنی ئیدارەی نوێ بۆ چارەسەرکردنی سەرچاوەی ئەو هەڕەشانە. ئێمە ئێستا لەهەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە لەرێگەی دانوستاندن و گفتوگۆ و چاوەڕێش دەکەین لەداهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامێکی بەرجەستەکراو بەدەست بهێنین".
 
هەسەدە کە کۆنترۆڵی ناوچەیەکی فراوانی رۆژئاوای کوردستان و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەکات، چەند جارێک رایگەیاندووە کە نایانەوێت لەو وڵاتە جیاببنەوە و لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەشدا، شەیبانی ئاشکرایکرد "دەبێت ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق.
 
جەختیشیکردەوە "چیدیکە هیچ پاساوێک بۆ بوونی هەسەدە بەو پێکهاتەیەی ئێستای لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا پێویست نییە.".

وەزیری دەرەوەی سوریا دەشڵێت "دەبێت ئێمە کار بکەین بۆ گەڕاندنەوەی هۆزە عەرەبییەکان و گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ حکومەتی ناوەند".
2025-01-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.