نها نیوز – هەواڵەکان
میدیاکانی سووریا ڕۆژی چوارشەممە، ڕایانگەیاندووە، لە ئەنجامی شەڕوو و پێکدادانەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان و لایەنگرانی تورکیا لە نزیک بەنداوی تشرین لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب لانیکەم 18 چەکدار کوژراون.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە میحوەری گردی سیریتێل لە بەنداوی تشرین، 13 ئەندامی کوتلە لایەنگرەکانی تورکیا کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەهەمان ناوچە بەهۆی تۆپبارانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا و تۆپخانەکانی تورکیاوە 5 ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات کوژراون.
بەگوێرەی ڕوانگەکە، هێزەکانی تورکیا و گروپەکانی نزیک لێی، بە تۆپباران ناوچەکانی ناو "قەڵغانی فورات"یان کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا دەوروبەری شارۆچکەی سارین، باشووری شاری کۆبانێ، و گوندەکانی جەعدە، کەرک، و دەوروبەری پردی قەرقوزاق.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "ماوەی زیاتر لە مانگێکە پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامە، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە نەخشەی کۆنترۆڵدا هەبێت، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی سڤیل نیشتەجێی ئەو ناوچانە زیاد دەکات کە بەهۆی تۆپباران و پێکدادانی بەردەوامەوە زیانیان بەرکەوتووە.
هاوکات لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی سووریا لە 8ـی کانوونی دووەم گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئەنقەرە هێرشیان کردە سەر هێزە کوردییەکان، هەروەها دەستیان بەسەر ناوچەی تەل ڕیفعەت و شاری منبجدا گرت کە لە دەستی کورددا بوون.
لە ئێستادا هێزەکانی سوریای دیموکرات باڵادەستن، هێشتا ناوچەیەکی بەرفراوانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەشێک لە پارێزگای دێرەززۆر و بە تایبەت کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووبارەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە.
تورکیا لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2019 سێ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکوری سووریا لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) ئەنجامدا، کە بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێکدەهێنن و سەرکەوتوو بوو لە سەپاندنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر دوو ناوچەی گەورەی سنووری لەناو خاکی سووریادا.
تورکیە کە نزیکە لە دەسەڵاتە نوێیەکانی دیمەشق، هێزەکانی سوریای دیموکرات بە درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەزانێت کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە یاخیبوونێکی چەکداری لەدژی ئەنجام دەدات.