نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر کۆبونەوەیەکی تایبەتدا چوار بڕیاری دەکرد، یەکێک لە بڕیارەکان ڕێگە گرتنە لەهەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک کە سووتەمەنی پیسی ئۆتۆمبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک و بەهۆیەوە چەند بڕیارێكی دەركرد:
یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: رێگە لەهەر پاڵاوگەیەک یان هەرکەس و لایەنێک دەگیرێت کە سوتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە. هەروەها دەبێ سنورێک بۆ سوتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێ خاوەنی مووەلیدەکانی کارەبا، پابەندی رێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: رێگریی لەبەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکار دەهێنرێت.