کوردستان

مەسرور بارزانى په‌یامێكى توند ئاراسته‌ى به‌غدا ده‌كات

نها نیوز - هەواڵەکان

له‌ كۆبونه‌وه‌ى نائاسایى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا، مەسرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم رایگه‌یاند، دادگای فیدراڵی تەنها لەبەرژه‌وەندیی حکومەتی عێراق، بڕیاری دەرکردووە و هەرگیز بڕیارێکی دەرنەکردوە کە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی تێدابێت.

له‌ شارى هه‌ولێر كۆبونه‌وه‌ى نائاسایى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانتارو وەزیرە کوردەکان لە حکومەتی عێراق دەستیپێکرد و مه‌سرور بارزانى له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا دەڵێت "ئێمە گەیشتوینەتە ئەو قەناعەتەی، ئەو رەفتارەی ئێستا بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە و قبوڵکراویش نییە".

ناوبراو ئاشکراشیکرد "دەبێت ئێمە ئەم پەیوەندییە ڕاست بکەینەوە، دەستورێکمان هەیە و دەبێت پابەندی ئەم دەستورە بین".

سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم په‌یامێكى توندى ئاراسته‌ى به‌غدا كرد و ئاماژەی بەوەکرد "دادگای فیدراڵی، تەنها لەبەرژه‌وەندیی حکومەتی فیدراڵی بڕیاری دەرکردوە و هەرگیز بڕیارێکی دەرنەکردوە کە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێدابێت، هه‌ربۆیه‌ حكومه‌تى عێراقیش پابەندنابێت بەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، ئەگەر بڕیارێك لەبەرژەوەندیی هەرێم ده‌ربكات".

جه‌ختیشیکردەوە "دەمانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان لە 2025 لە دڵەڕاوکێ رزگاری بێت، خەڵکی ئێمە موستەحەقی ئەوەنییە بەمشێوەیە مامه‌ڵه‌ى لەگەڵ بکرێت، خەڵکی کوردستان شیاوى ئەوەیە ڕێز لەخەبات و قوربانیدانی بگیرێت وەکو هەموو خەڵکی دیکەی عێراق".

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بارزانی باسی لەوەشکرد "ئێمە داوای یەکسان ‌و مافە دەستورییەکانی خۆمان دەکەین‌و داوادەکەین چ لەئاستی ئیداریی، چ لەئاستی تەشغیلی، بەهەموو جۆرێک، هەمومان، هەموو هەوڵێکی خۆمان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانین ئەم کێشە و گرفتانەی هەن ڕاستبکەینەوە و ئیتر پەیوەندییەکی تەندروست لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست ببێت".
2025-01-11
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.