کوردستان

بافڵ تاڵەبانی: هەموو هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە ململانێ سیاسییەكان

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لە سلێمانی پێشوازی لە سەرۆکی رەوتی حیکمە کرد و رایگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

نووسینگەى راگەیاندنى بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا نوسیویەتی: "بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازیی لە سەید عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کرد".

نوسیویشیەتی: "لەدیدارێکدا كە رەفعەت عەبدوڵا و نزار ئامێدی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی سیاسی دووپاتكرانەوە".

دەشڵێت: "هەر لە دیدارەکەدا هەردوولا بە پەرۆشبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، رێککەوتنە سیاسییەکان و بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکتێگەشتنەکان لەنێوان لایەنە بەشداربووەکانی پێکهێنانی حکومەت بۆ دۆزینەوەی دەرچەی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، سەرخستنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی حکومەت و پشتگیریکردن لە دامەزراوە دەستوورییەکان".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا تەوەرێکیتری دیدارەکە بوون و جەخت لە دوورخستنەوەی وڵات لە ئاڵۆزییەكان کرایەوە بەشێوەیەک هەموولایەنەکان یەک گوتاری هاوبەشیان هەبێت لەپێناو پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

هاوکات سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ تەواوی پرسەکان هەڵویستی نیشتمانیی یەکێتی خستەڕوو و رایگەیاند: "هەموو هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار، دادپەروەر و دەربەست بە خەمی خەڵکەوە. لە هەنگاوەكانیشمان بۆ دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران و شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستانە لە ململانێ سیاسییەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێكی هەمیشەیی لەچوارچێوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەردەوامین".

پەیوەست بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەرۆک بافڵ وتی، "چاودێریی پێشهات و گۆڕانكارییەكان دەكەین و پێشوازیی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەكەین كە ئامانجەكەی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكەیە".

2025-01-07
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.