فەڕەنسا چارەسەری دۆخی کۆبانێی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی تاوتوێکرد
نها نیوز - هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بەر لە ئەنجامدانی سەردانەکەی بۆ سوریا و دیداری لەگەڵ ئەحمەد شەرع پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی (هەسەدە) کردووە دۆخی سوریا و چارەسەری کۆبانێیان تاوتوێکردووە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ژان نۆویڵ بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بەر لە ئەنجامدانی سەردانەکەی بۆ سوریا و دیداری لەگەڵ ئەحمەد شەرع، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە (هەسەدە) کردووە و پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێکردووە و ئاماژەیان بە گرنگیی بەردەوامیدان بە پرۆسەی سیاسیی داوە.
هەر بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەک میدیای عەرەبییش وردەکاریی زیاتریان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، بارۆ و عەبدی گفتوگۆیان لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کردووە، لەنێویاندا هێرشەکان بۆسەر بەنداوی تشرین و دروستکردنی هەڕەشە لەسەر کۆبانێ.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جەختیکردووەتەوە، پێویستە شەڕ لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رابگیرێت و هەسەدە رۆڵی گەورە لە قۆناغی راگوزەری سوریادا ببینێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانیەکەی سەردانی دیمەشقیان کرد و چاویان بە ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا کەوت و داوایان لە بەرپرسانی ئیدارەی نوێی وڵاتەکە کردبوو لەگەڵ لایەنی کوردیدا بگەنە چارەسەرێکی سیاسی.
|