کوردستان

ئەحمەد شەرع داواکەی تورکیا بۆ شەڕکردن لەگەڵ هەسەدە دەشکێنێت

نها نیوز – هەواڵەکان

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایدەگەیەنێت، دەسەڵاتی نوێی سوریا داواکاری تورکیا بۆ دەستپێکردنی شەڕ دژی هێزەکەیان رەتدەکاتەوە.

فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) باسی گفتوگۆکانیکرد لەسەر ناسنامەی ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە و هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و دەڵێت "هەندێک گفتوگۆ لەنێوان هەسەدە و ئیدارەی نوێی سوریا هەبوون لەم دواییەدا".

پەیوەست بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیشەوە، شامی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە ناخوازن لەئێستادا زانیاری ورد لەبارەی ناوەرۆکی گفتوگۆکان بۆ میدیاکان بخەنەڕوو، بەڵام گفتوگۆکان بۆ پاراستنی ئیدارەی خۆسەرە.

وتەبێژی هەسەدە وتیشی "گفتوگۆکان ئەرێنی بوون لەنێوان هەسەدە و تەحریری شام و رێککەوتوین درێژە بە گفتوگۆ بدەین".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم گفتوگۆیانە ئاسان نین، بەڵام وەک هەنگاوی سەرەتا باشبوون لەنێوان دوو لایەنی هەسەدە و دەسەڵاتی نوێی شام، بەلایەنی کەمەوە هەردوولا کۆکن کە شەڕی یەکدی نەکەن و کێشەکانی دیکەش بە دیالۆگ چارەسەر بکەن.

لەبارەی شکانی داواکەی تورکیاش فەرهاد شامی ئاشکرایکرد "تورکیا لەسەر چەند ئاستێک هەوڵیداوە شەڕ لەنێوان ئەم دوولایەنەدا دروست بکات و هانی دیمەشقی داوە، شەڕی ئێمە بکات، بەڵام بڕیاری ئێستای دیمەشق ئەوەیە کە شەڕی هەسەدە نەکات".

لەبارەی کردنەوەی بنکەی ئەمریکا لە کۆبانێ ئەو دەشڵێت "ئەمریکا سوورە لەسەر ئاگربەست و رێگانادات شەڕ و داگیرکاری رووبدات، کردنەوەی ئەو بنکەیەش لەو چوارچێوەیەدایە".
 
2025-01-02
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.