کوردستان

نزیکبوونەوەی جەنگی سوریا بۆسەر عێراق رادەگەیەنرێت

نها نیوز - هەواڵەکان

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە پێیوایە عێراق زۆرترین كاریگەری دۆخی نوێی سوریای لەسەرەو پێشبینی دەكات لەدوای سوریا نۆرەی عێراق بێت. دەشڵێت، پارتی و بارزانی بەهۆی هاوكارییانەوە لەگەڵ توركیا، باشوری كوردستانیان رووبەڕووی مەترسییەكی گەورە كردووەتەوە.

جەمیل بایك، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای پەكەكە، رایگەیاندووە "عێراق یەکێکە لەو شوێنانەی زۆرترین کاریگەری بەرکەوتوە بەهۆی پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم رووەوە دەتوانین بڵێین ئەو دەوڵەتەی کە زۆرترین کاریگەری رەوشی نوێی سوریای لەسەر بووە، عێراقە".

وتیشی "ئێران لەمێژە بووەتە ئامانج لەچوارچێوەی پلانەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل. پلانەکە وایە بەشکاندنی هێزی ئێران ەۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە دیزاین بکەنەوە. لە هێرشەکانی سەر حەماسەوە تا روخاندنی رژێمی سوریا، ئامانجی سەرەکی هەموو هێرشەکان ئێرانە".

بایک لە دیدارەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە "سەرەتا لە غەززە، پاشان لوبنان، ئێستا لە سوریا هێزی ئێران شکێنرا. بە رەچاوکردنی هێز و کاریگەریی ئێران لەسەر عێراق، دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە پاش سوریا نۆرەی عێراقە. ئەم گریمانەیە زۆر رێی تێدەچێت. لەم روەوە، ڕەوش و ئایندە عێراق تەواو ناڕونە".

بەبڕوای هاوسەرۆکی کەجەکە "كێشەکانی عێراق هێشتا بونیان ماوە و بەتەواوەتی چارەسەر نەکراون. رژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا روخێندرا، بەڵام مۆدێلێک پێش نەخرا کە بەشێوەیەکی هەمیشەیی چارەسەری کێشەکان بکات. دەستورێکی بنەڕەتی ئامادە نەکرا کە بەتەواوەتی کێشەکان چارەسەر بکات. ناوچەکانی موسڵ و کەرکوک لە دەستوری بنەڕەتیدا وەک هەرێمە کێشە لەسەرەکان هێڵدرانەوە. هەوڵدرا چارەسەرەکان تەنیا لە چوارچێوەی عێراقدا پێشبخرێن، بەڵام بینرا ئەمە سەرنەکەوت. چونکە چارەسەرێک پێشنەخرا کە هەموو هەرێمەکان لەخۆ بگرێت".

ناوبراو لەسەر راکەی بەردەوام دەبێت و دەڵێت "تورکیا و ئێران سودیان لەمە وەرگرت. ئێران لەڕێگەی شیعەکانەوە، دەوڵەتی تورکیش لەڕێگەی پارتی و سونەکانەوە هەوڵیدا کاریگەری لەسەر عێراق دابنێت. لە ئێستادا وا دەردەکەوێت پەند لەمەوە وەرگیراوە و نزیکایەتی هەرێمی بە بنەما گیراوە. لەسەر ئەم بنەمایە چاوەڕوان دەکرێت کە لەبەرامبەر عێراق نزیکایەتییەک پێشبخرێت و کاریگەرییەکانی ئێران بشکێنرێت".

دەشڵێت "گەر چارەسەرێكی لەم شێوەیە دروستببێت، دیسان هاوسەنگییەکان لە عێراق بگۆڕن، رەنگە دابەشبونی عێراقیش بکەوێتەوە رۆژڤەوە. لەم رووەوە مومکین نییە کە کاردانەوەی ئێران لەسەر ئەمە وەک ئەوەی سوریا بێت. لەبەرئەوەی عێراق لەم رووەوە بۆ ئێران وەک کۆتا قەڵایەتی لە دەرەوە. جگە لەمەش راستەوخۆ شەڕ دەربازی ئێران دەبێت. لەم بوارەدا رەنگە کاردانەوەی توندی ئێران هەبێت. ئەمەش گریمانەی دابەشبوونی ئێران زیاد دەکات".

جەمیل بایك دەربارەی رێککەتنامەکانی نێوان تورکیا و عێراق ئەوەشی خستووەتە روو "دەبێت عێراق پەند لە دۆخی سوریا وەرگرێت. بە هاوکاری ئەردۆغان رژێمی بەشار ئەسەد هەڵوەشێندرایەوە. لە ئێستاشدا دەیەوێت ئیدارەی دیمەشق وەک ولایەتێکی خۆی بەڕێوەبەرێت. کاتێک بەیانی بڕیارێکی لەم شێوەیە بەرامبەر عێراق بدرێت، دەتوانرێت لێرەش دەوڵەتی تورک بەشدار ببێت. بە هاوکاری ئەردۆغان عێراق دابەش بکەن، یان بیخەنە دۆخێکی هاوشێوەی دیمەشقەوە. لەم دۆخێکی وادا ئەو ئیدارەیەی لە بەغدا هەیە لە ویلایەتێک زیاتر هیچ هێز و دەسەڵاتێکی نییە".

"بەڕاستی سەیرە ئەم بابەتە لەلایەن عێراقییەکانەوە نابیندرێت. تێناگەین لەوەی عێراقییەکان ئەمە نابینن یان دەیبینن، بەڵام ناتوانن کاریگەی لەسەر سودانی دابنێن. پەیوەندی دانانی لەگەڵ تورکیادا هیچ سودێک ناگەیەنێت بە عێراق. بە پێچەوانەوە ئەم پەیوەندییە مەترسییەکی گەورەیە بۆ عێراق". هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە وای وت

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەمیل بایك ئاماژەی بەوەداوە "پارتی و بارزانی بەتەواوەتی چارەنوسی خۆیان بە دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتداری ئاکەپە - مەهەپەوە بەستووەتەوە. "بەگوێرەی ئامانج و پلانەکانی دەوڵەتی تورک دەجوڵێتەوە، نەک بەگوێرەی خواست و ئایندەی گەلی کورد. هەموو ئامانجەکانی قازانجی ئابوورییە. ئەو وتیشی "جگە لەمە هیچ بیرکردنەوەیەکی دیکەی نییە. پەدەکە و بارزانی بەتەواوەتی لەسەر بناغەی هاوکاریدان. بەهۆی ئەم هاوکارییانەوە باشوری کوردستان دووچاری مەترسییەکی گەورە بووەتەوە".
 
2025-01-01
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.