نها نیوز – هەواڵەکان
سەرکردەیەک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، داوای لە سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا، ئەحمەد شەرع کردووە، هێرشەکانی کوتلەکان بۆ سەر کۆبانی ڕابگرێت، وەک یەکەم ئاماژە بۆ کردنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆ لەنێوان هەردوولادا.
ئەو سەرکردەیە کە داوای کرد ناوی نەهێنرێت، بە تۆڕی هەواڵی"ئێرم نیوز"ی ڕاگەیاندووە، شاندێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ ئەحمەد شەرع، کۆبووەتەوە لە دیمەشق، و یەکەم کۆبوونەوە لەنێوان هەردوو لادا ئەنجامدراوە" لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەکارلادراوی سووریا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیدارەی سیاسی ئەوان نایەوێت ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باقی وڵات داببڕێت، ئەوان بەدوای کرانەوەدا دەگەڕێین بۆ هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئیدارەی نوێ، بەڵام پێویستیان بە گەرەنتی ڕاستەقینە هەیە بۆ بەشداریکردنی کاریگەر لە حکومەتدا کە چاوەڕوان دەکرێت پێک بێت.
ئەو سەرکردەیە دووپاتی کردەوە کە "شاندەکەی خۆبەڕێوەبردن-هەسەدە، داوای کرد، لە میانی کۆبوونەوەکەیاندا، ڕێنمایی بدرێت بە هەندێک کوتلەی نزیک لە تورکیا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر شاری کۆبانی، و ئەو ناوچانەی خۆبەڕێوەبردن کە لەلایەن ئەوانەوە کۆنترۆڵکراون.
ناوبراو کۆبوونەوەکەی بە "بەرهەمدار" وەسف کردووە، بەو پێیەی ئاماژە ئەرێنییەکان بۆ بەردەوامیی کۆبوونەوە و ڕووبەڕووبوونەوەکان هەیە، ڕوونیشی کردووەتەوە کە "کۆبوونەوەکە دوای پەیوەندییە بەرفراوانەکان هات کە بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراون".
هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە دژی کوتلە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا شەڕی توند دەکەن، سەرەڕای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاگربەستی نێوان ئەو دوو لایەنەی ڕاگەیاندووە.
لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سووریا خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی "کۆنفرانسی نیشتمانی هێزەکانی سووریا"، کە 1200 کەسایەتی سووری لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە، لەسەر ئاستی تاکەکان و نەک قەوارەکان، بانگهێشت کران بۆ بەشداریکردن و نزیکەی 70 کەسیش بۆ 100 کەس لە هەر پارێزگایەکەوە، کە نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکان دەکەن بەژدارن.
بڕیارە لە کۆنفرانسەکەدا ئەنجومەنی گەل و سەرجەم کوتلە چەکدارەکان هەڵبوەشێتەوە، لەنێویاندا دەستەی تەحریر شام کە ئەحمەد شەرع ناسراو بە ئەبو محەمەد جۆلانی سەرۆکایەتی دەکات.