نها نیوز – هەواڵەکان
بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێوە، مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكات و دەڵێت، "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پابەندێتی خۆی بە سیاسەتی ڕاستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی و گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز بۆ ئەزموونەكەمان دووپات دەکاتەوە".
دەقی پەیامەكە:
ساڵی نوێ لە گەلەكەمان، لە كۆمەڵانی خەڵكی عێراق و جیهان پیرۆز بێت، ساڵی ئاشتی و ئاوەدانی ، ماف و دادپەروەری و چارەسەری رەوای مەسەلەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت لەسەروبەندی گۆڕانكاریی ناوچەكە، بە دیالۆگی سیاسیی و ئاشتی و دیموكراتی.
بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش ساڵی بەدیهاتنی ژیان و گوزەرانی باشتر و تێپەڕاندنی دژواری و قەیرانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد بێت بە تایبەتی ئیستحقاقی مووچە بە گوێرەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، دوور لە تێكەڵكردنی بە دۆسیە سیاسییەكان.
هەر بەو بۆنەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پابەندێتی خۆی بە سیاسەتی ڕاستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی و گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز بۆ ئەزموونەكەمان ،هەر وەك بەڵێنی بە خەڵكەكەمان دابوو، دووپاتدەكاتەوە و لە هەموو وێستگەكانی ساڵی 2025یشدا كۆششی ڕەوای بۆ دەكات، بەرەو حكومڕانی و حكومەتێكی نوێی خزمەتگوزار و بەرپرس و پڕۆسەیەكی سیاسی كارا و دیموكرات و دەربەست.
هیوامانوایە ساڵی 2025 ساڵی گەشەی زیاتری پڕۆسەی دیموكراتیی وڵاتەكەمان و ساڵی دابینكردنی ئیستحقاقە دەستوورییەكانی تری كورد بێت.
جارێكی تر پیرۆزە
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان