بەهۆی کەمی باران بارینەوە داوای نوێژەبارانە دەکرێت
نها نیوز – هەواڵەکان
شارەزایەکی کەشناسی بەهۆی کەمی رێژەی بارانبارین داوا لە مامۆستایانی ئاینی دەکات رۆژی هەینی نوێژە بارانە بکەن، چونکە "لە هەندێک ناوچەی هەرێم پەڵەی نەداوە".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی لە پەڕەی فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی "بەپێی ئەو لێکدانەوانەی کردوومانە بەمزووانە هیچ شەپۆلێکی گشتگیری سەرتاسەری پێویست و باشی باران بۆ ناوچەکانمان لەئارادا نییه و سیستەمێکی وشک باڵادەستە لەسەر ناوچەکانمان بۆ ماوەیەکی درێژ".
ناوبراو نوسیویشیەتی "بەپێی پێشبینی ئێمە و تەواوی سەرچاوە کەشناسیەکان و کەشناسان دەبوو لەمەودای نێوان مانگی 11 و 12 بەتایبەتی پەڵەی تەواوی بدایه، بەڵام بەهۆی دەرئەنجامە خراپەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پشکی شێری لەسەر ناوچەکانمان بەرکەوتووە، هەروەها بوونی دیاردەی ئاو و هەوایی لانینا لە پانتایی ئاوەکانی خۆرهەڵات و ناوەڕاستی زەریای هێمن، کە کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر ناوچەکانمان بەتایبەت پارێزگای دهۆک و هەولێر و راپەرین و دەورووبەریان بە پلەی یەکەم، بارانی پەڵەش زۆر دواکەوتووە لەبەشێکی ناوچەکان بەتایبەت سنوری ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای دهۆک و هەولێر و هەندێ شوێنی تر".
شاڵاو هیدایەت پێیوایه بەپێی شیکاری ورد و لێکدانەوەکانیان و سەرچاوە کەشناسیەکان، وەرزی زستانمان لە پاییز و بەهاریشمان باشتر دەبێت.
لە کۆتاییشدا ئەو شارەزا کەشناسییە داواش دەکات رۆژی هەینی دوانیوەڕۆكەی نوێژە بارانە ئەنجام بدەن.
|