هەسەدە بەهێزترین سیستەمی رادار لە بنکەیەکی سەربازی تورکیا لەناودەبات
نها نیوز – هەواڵەکان
ئەمڕۆ دووشەممە، هەسەدە لەناوبردنی دوو ئامێری رادار و سیستمی شێواندن و زرێپۆشێکی گروپە چەکدارەکانی سەربە تورکیایان لە رۆژئاوای پردی قەرەقۆزاقی باشوری کۆبانی راگەیاند.
هێزەکانی سوریای دیموکرات لەمیانی راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، تورکیا دۆخی ئێستای سوریا دەقۆزێتەوە و بنکەی سەربازی نوێی لەناو خاکی سوریا دامەزراندووە.
ئەو هێزەیە ئەوەشی خستووەتە روو، تورکیا دوو بنکەی نوێی لە منبج و رۆژئاوای رووباری فورات دامەزراند و لە وەڵامی ئەو داگیركەرییە، "هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجامدا و دوو ئامێری رادار و سیستەمێکی شێواندن و ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی هێزەكانی توركیایان لە رۆژئاوای پردی قەرەقۆزاق لەناوبرد".
تورکیا هەڕەشەی داگیرکردنی ناوچە كوردیەكانی رۆژئاوای كوردستان و شاری كۆبانێ دەكات، لە بەیاننامەکەی (هەسەدە)دا ئەوەش هاتووە "ئەم هەوڵانەی تورکیا لەچوارچێوەی پلانی داگیرکەریدایە بۆ داگیركردنی خاكی سوریا، و پلانێكی کۆلۆنیالیزمی ئاشكرایە".
|