نها نیوز – هەواڵەکان
دوای ئەوەی لە ماوەکانی ڕابردوودا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، کە شەش ئەندامی بێبەش کردووە لە بەشداریکردن بۆ کۆنگرەی نۆیەمی حزبەکەی، ئاڵۆزی کەوتە ناو حزبەکە.
هاوکات، ئەمڕۆ ئهنجومهنى سهركردایهتى یهكگرتوو كۆبووهوه بەپێی زانیارییەکان لە كۆبوونهوهکەدا ههڵوهسته كراوە لهسهر بڕیارى بهشدارینهكردنی ئهندامێتى شهش ئەندامی حیزبەکە.
سهرۆكى ئهنجومهنى سهركردایهتى ڕایگەیاندووە، سهركردایهتى بڕیاریدا به راگرتنى كاركردن بهو بڕیارهو داوایكردووە لیژنهى باڵاى ههڵبژاردنى ئهندامانى كۆنگره، پێداچوونه بكات به مهرجهكانى ئهندامێتى ئهو کەسانە و كارئاسانى بكات بۆ بهشداربوون له كۆنگرهى نۆیهمى یهكگرتوو، له رۆژانى 27 و 28ى ئهم مانگهدا.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکە داواکراوە دوو ئەندام داوای لێبوردن لهسهركردایهتى و رێكخستنهكانى یهكگرتوو بكهن، چونکە ههندێ لێدوانى نهخوازراویان داوه بۆ میدیاكان.
دوای بەدوای ئەم ڕاگەیاندراوە هەریەک لە ئەبوبەکر کاروانی و ئەبوبەکر هەڵەدنی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
دژ بە تەکفیرکردنی نەتەوایەتیانەی ئیسلامییەکان!
وێناکردنی ئیسلامییەکان لە دەرەوەی ماڵی نەتەوایەتی کوردییەوەو تۆمەتبارکردنیان بەپیاوی ئەم و ئەوو دوژمنایەتیکردنی ئامانج و خواستە نەتەوەییەکان، لە خودی دیدە نەتەوەییە کوردییەکەوە، بە مەترسیدارو تەکفیری مۆدێرن دەزانین ورەتیدەکەینەوە، پێش هەرەشتێكیش هەڵەیەکی مەنهەجیە و پێچەوانەی ناوەرۆك و سرووشت و رۆڵی نەتەوایەتی و پێویستیەکانی گەل و نیشتیمانسازییە لەهەرێمی کوردستاندا.
بە حوکمی ئەوەی ناسنامەی نەتەوەیی لەنێو ماڵی نەتەوەیدا ناسنامەیەکی کۆکەرەوەیە، هەست و ئامانج و ناسنامەی هاوبەش بەکۆی تەوژم و پێکهاتەو ناسنامە فەرعیتەکان دەبەخشێت، نەك بیانکات بەدوژمن وبەگژ یەکتریاندا بکات.
هەربۆیە نەتەوایەتیەك نزیکە ٪٢٠ی کۆمەڵگە وتەوژمێکی بەرچاوی کۆمەڵگە بکاتە ئەودیو سنوورەکانی خۆی و جۆرەها تۆمەتی بخاتە پاڵ، لەجەوهەردا نەتەوایەتی نییە، کێشەیەکی گەورەی نەتەوایەتی کوردیش لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا، لە سۆنگەی لاوازییەکانی و شێوانی پەیام و ناوەرۆکەکەیەوە هەر لەم خاڵەدا بووە، واتە یەکتر تۆمەتبار کردن بە خیانەت و و خۆفرۆشی و نانەتەوەیی بوون لە روانگەی بەرژەوەندی حیزبیی وناوچەیی وجیاوازی ئایدۆلۆژییەوە.
راستە ئیسلامییەکان لەرووی نەتەوەییەوە هاوشێوەی خودی نەتەوەییە مێژووییەکان، کێشەی خۆیان هەیە، بەڵام کێشەکەیان، خۆنەگونجاندن لەگەڵ واقیعی نەتەوەیی کوردستان و داخوازییەکانی نییە، چونکە ئامانجە نەتەوەییەکانی قۆناغەکەیان لە پرۆگرامی خۆیاندا گوونجاندووە، بە کردەوەش بەشێك بوون لە کێڵگەی نەتەوایەتی کوردستان، هیچ دەرفەتێکیش بەهۆی ئیسلامییەکانەوە لە کیس کورد نەچووە، لە کاتێکدا چەندین دەرفەت بەهۆی ناکۆکی و شەری ناوخۆو خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی هێزە خۆ بەنەتەوەیی پێناسە کردووەکانەوە، لە دەست کورد چووە.
پێشمان وایە ئەگەر پرۆژەیەکی نەتەوەیی جددی بۆ ئاستی سەربەخۆیش لەئارادا بێت، ئیسلامییەکان نەك نابن بەرێگر، بەڵکو پشتیوانیشی لێدەکەن.
کێشەی ئیسلامییەکان ئەوە نییە بایەخ بە کێشەی کوردی نادەن،بەڵکو ئەوەیە، کەنەیانتوانیوە لە قووڵایدا بە گوێرەی پێویست خۆیان بینا بکەنەوە بۆ ئەوەی تەموحی پێشەنگیان هەبێت و رۆڵێکی گەورەتر لە بزاڤی رزگاریخوازی کوردستانیدا بگێڕن، تووانای لە خۆگرتنی ئەو کادرو سەرکردانەشیان زۆرتر بێت کە پەرۆشیەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی بەرزتریان لە ئاستی کادرێکی ئیسلامی ئاسایی و فەزا ئیسلامییەتەقلیدییەکە زۆرترە. رەخنەیەکی تریشمان لێیان ئەوەیە وابیر دەکەنەوە سەنەوی نەتەوەیی بە ناوی ئەوانەوە نییەو پێویست ناکات هەوڵی ئەوەبدەن رۆژێ لە رۆژان رابەرایەتی ناسیۆنالیزمی کوردی بکەن و وزەو گەنجێتی پێببەخشنەوەو بۆشایی ئەوانیتر لەم روەوە پڕ بکەنەوە.
لەروویەکی ترەوە لە سۆنگەی لاوازی راگەیاندن و هەژاری زمانی سیاسیانەوە ناتوانن بە گوێرەی پێویست گووزارشت لە واقیعی خۆیان بدەنەوە، ناشتوانن سوود لەوکادرو سەرکردانەیان وەربگرن کە بەگیانە ئیسلامییە کوردەوارییە کەیان وئامادەبوونیان لەجەرگەی پرسە نەتەوەیی ونیشتیمانییەکاندا بوونە رەمز یاخود لانیکەم پەنجەیان بۆ رادەکێشرێت. لەهەموو حاڵەتێکدا ئیسلامییەکان کۆمەڵێ کچ وکوری ئەم وڵاتەن وگوومانکردن لەئینتیمای نەتەوەییان ناراستە، گەر سەرکردەو پرۆژەیەکی نەتەوەیی مێژوویی گەورەش هەبێت، دەتوانن بەچەندین شێوە سوودیان لێوەربگرن و زۆر زیاتر لەوەی تاکو ئێستا هەیە بیانخەنە خزمەت ئامانجەکانیانەوە.
ئەبوبەکرکاروانی. ئەبوبەکر هەڵەدنی
24-12-2024