سەرۆکی یەکێتیی پێشوازیی لە سەرۆک کۆماری عێراق کرد
نها نیوز – هەواڵەکان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە بەڕێز د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عیراق کرد.
لەدیدارەکەدا دۆخی گشتیی عیراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە جەختیلێکرایەوە.
لەبارەی پرسی مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، کۆبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردوومان لە بەغدا درێژکراوەی هەوڵە بەردەوامەکانمانە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی. بێگومان هاوکاری و پشتیوانیی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عیراق و بەڕێزان لە دەسەڵاتی دادوەری بەرزدەنرخێنین بۆ هەوڵەکانیان تاوەکو پابەند بە دەستوور و یاسا، مافی خەڵکی کوردستان پارێزراوبێت و تێکەڵی ململانێ حزبی و سیاسییەکان نەکرێت. هەروەها هەوڵەکانی بەڕێزتان وەک سەرۆککۆمار کە بەردەوام هاوکارمانبوون و لە خەمی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستاندا بوون.
لەبەرامبەردا د. لەتیف جەمال رەشید پشتیوانیی تەواوی بۆ هەموو ئەو هەوڵە نیشتمانی و بونیادنەرانە دووپاتکردەوە کە ئامانجەکەی پاراستنی سەقامگیری، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دوورخستنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەیە لە وڵات.
|