هەسەدە بەردەوامە لە تێکشکاندنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا
نها نیوز – هەواڵەکان
هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا بەرەنگار بوونەوەیەکی توند لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا و هێزەکانیان هەیە و لە پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین، توانراوە شکست بە هێرشێکی ئەو گرووپانە بهێنرێت.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاندووە، لە بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوە، بەرەنگاری هێرشی ئەو گرووپانە بونەتەوە کە نزیکن لە تورکیا، لە گوندی قەبر ئێمۆ لە رۆژهەڵاتی شاری منبج، و دەشڵێت "تائیستاش پێکدادانەکان لە نێوان هەردوولادا بەردەوامن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانیان توانیویانە لە نزیک پردی قەرەقۆزاق، ئۆتۆمبێلێکی گرووپە چەکدارەکان بتەقێننەوە و دوو چەکداریش بکوژران، هەروەها لە بەنداوی تشرینیش توانیویانە هێرشێکی گروپەکانی نزیک لە تورکیا تێکبشکێنن و دەیان سەربازیش کوژراون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە هێزەکانی هەسەدە دەستیان بەسەر دوو تانک و تۆپهاوێژێکی گرووپە چەکدارەکاندا گرتووە و ئەوە جگە لەوەی توانیویەتی زرێپۆشێک لە جۆری 'بی ئێم بی' و دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکبشکێنن.
|