بافڵ تاڵەبانی گۆڕانکارییە ریشەیەکە لە حوکمڕانی هەرێم دەخاتە روو
نها نیوز - هەواڵەکان
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ كونسوڵی گشتی روسیا لە هەرێم رایگەیاند، هەر هەوڵێک لەچوارچێوەی پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و سەقامگیریی ناوچەکە بدرێت پشتیوانیی لێدەکەین. لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت "گۆڕانکاریی ریشەیی لە پرۆسەی حوکمڕانی پێویستییەکی گرنگی قۆناغەکەیە".
نوسینگەكەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاویکردەوە، لە دەباشان پێشوازیی لە ماکسیم رۆبین، کونسوڵی گشتیی روسیا لە هەرێمی کوردستان کرد و لەدیدارێکدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگییەکان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و سەقامگیریی ناوچەکە جەختیلێکرایەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لەدرێژەی دیدارەکەدا دوایین روداو و پێشهاتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت دۆخی سوریا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، هەردوولا گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنیان وەک بنەمای چارەسەری کێشەکان و پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانیان لەچوارچێوەی وڵاتێکی سەقامگیردا دووپاتکردەوە.
لای خۆیەوە بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ سیاسەتی کارکردنی ئێمەیە، هەر هەوڵێکیش لەچوارچێوەی پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و سەقامگیریی ناوچەکە بدرێت پشتیوانیی لێدەکەین، دۆخی ئەمڕۆی سوریاش پێویستی بە لێکتێگەیشتن و هاوبەشیی راستەقینە هەیە، هیوادارین هەمولایەک بەم رۆحییەتەوە هەوڵ بۆ داهاتوی وڵاتەکە و ژیانی خەڵکەکەی بدەن".
ئاماژە بەوەشدراوە، پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان تەوەرێکیتری دیدارەکە بو و لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی وتی"گۆڕانکاریی ریشەیی لە پرۆسەی حوکمڕانی پێویستییەکی گرنگی قۆناغەکەیە و پێویستە حکومەتی داهاتوو خزمەتگوزارییەکانی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پێشکەش بکات و ئامانجەکەی بەهێزترکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بێت نەک جیاکاری و قۆرخکردنی دەسەڵات لەپێناو بەرژەوەندییە حزبییەکاندا".
|