کوردستان

ئەمریکا و فەڕەنسا بیانووەکانی تورکیا دەبڕن و کۆبانێ لە چەک دادەماڵن

نها نیوز – هەواڵەکان

بەڕێوەبەری روانگەی سوریا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا سەرباز و چەک رەوانەی رۆژئاوای کوردستان دەکات بۆ ئەوەی هیچ بیانویەك بۆ توركیا نەهێڵنەوە، هەروەها دەشڵێت "ئەمریكا و فەڕەنسا بەنیازن كۆبانی لە چەك دابماڵن".

رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت "لەسەرەتای ئەم مانگەوە و لەدوای هەڕەشەكانی توركیاوە، سوپای ئەمریكا چەك و تەقەمەنی و كەرەستەی لۆجستی و سەرباز رەوانەی بنكە سەربازییەكانی دەكات لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا".

لەوچوارچێوەیەدا، ئێوارەی دوێنێ‌ فرۆكەیەكی بارهەڵگر لە بنكەی "خەراب ئەلجیر" لە ناوچەی رمیلان، لە باكوری حەسەكە نیشتووەتەوە، كە وێڕای كەرەستە، سەربازی زیاتری هێناوە، ئەوە لەكاتێكدایە، پینتاگۆن بەمدواییانە ئاشكرایكرد، ژمارەی سەربازییەكانی لە رۆژئاوای كوردستان دوو هەزار و 500 سەربازە، كە پێشتر زانیارییەكانی ئەمریكا باسیان لەبوونی تەنها 900ی سەرباز دەكرد.

رامی ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە لەچەند رۆژی رابردوودا، لایەنی كەم 60 بارهەڵگر كە كەرەستەی سەربازییان تیادابووە لە دەرەوازەی وەلید لە عێراقەوە داخڵی سوریابوون، ئەوەش هاوشانی زیادبوونی هێزەكانی ئەمریكایە لە بنكەكانی دەیرزور لە كێڵگەی عومەری نەوتیەوە تا دەگاتە كۆبانێ، لەژێر ناونیشانی پاراستنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و شەڕی داعش.

بەڕێوەبەری روانگەی سوری ئاماژەی بەوەشكرد "لەناوچەكانی دەیرزور و ریفی حەسەكە رەنگە ئەو چەکانە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی بێت دژی شانە نوستووەكانی داعش، بەڵام بردنی چەك و هێز بۆ كۆبانێ پەیوەندی نییە بە داعشەوە، رەنگە بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی لەچەك داماڵراوبێت، بۆ ئەوەی لەلایەن توركیاوە نەكرێتە ئامانج".

"ئەگەری ئەوەش هەیە لەپشتی پەردەوە لەلایەن ئەمریكا و فەڕەنساوە هەوڵی رێگەگرتن لە شەڕی نێوان توركیا و هەسەدە هەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئامادەییان دەربڕی بۆ ناردنە دەرەوەی ئەو جەنگاوەرانەی كە خەڵكی سوریا نین". رامی عەبدولرەحمان وا دەڵێ
 
6کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.