گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەڵداریەوە ئێسکوپروسکی نزیکەی 50 ژن و منداڵی کوردی تێدایە
نها نیوز – هەواڵەکان
لە عێراق گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە ئێسکوپروسکی نزیکەی 50 ژن و منداڵی کوردی تێدایە، و پێش ئەوەی بخرێنە گۆڕەکەوە هەمویان گوللەباران کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی 12ـی 2024، دەستکرا بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە پارێزگای سەماوە کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ ئەو گۆڕەبەکۆمەڵە دۆزرایەوە لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە.
لە کاتی هەڵدانەوەی گۆڕەکە دیمەنەکان زۆر کاریگەر بوون بەشێوەیەک پاشماوەی ئێسکوپروسکی ژنان بە جلوبەرگی کوردییەوە دەردەکەوێت باوەشیان بە منداڵەکانیاندا داوە، کە لە بیابانێکی دوورەدەست کوژراون و شاردراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا نازانرێت بەدیاریکراوی چەند کەس لەنێو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا شاردراونەتەوە، بەڵام مەزەندە دەکرێت نزیکەی 50 ژن و منداڵ بن و تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەستەی شەهیدانی عێراق، خەریکی کارکردنن بۆ دەرهێنانی ئێسکوپروسکەکان و تۆمارکردنی بەڵگەکان.
گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەکەوێتە ناوچەی تەل شێخی سەر بەقەزای سەلمان و 130کیلۆمەتی لە پارێزگای سەماوە دوورە و دەبێت 18کیلۆمەتر رێبکەیت تاوەکو دەگەیتە رێگەیەکی قیر، لەو رێگەیەشەوە 40 کیلۆمەتری دیکە بڕۆیت ئینجا دەگەیت.
|