كۆتاییهێنان و چارەسەری یەكجارەكی بۆ هەموو كێشەكان
نها نیوز – هەواڵەکان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق لەبەغدا کۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی گشتیی عیراق، شایستەداراییەكان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە كۆتاییهێنان و چارەسەری یەكجارەكی كێشەكان كرایەوە.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا جەخت لە پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و هەماهەنگیی نێوان سەرجەم دامەزراوە یاساییەكان كرایەوە بەئامانجی پاراستنی سەقامگیری و مافەكانی سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانی وڵات و سەرخستنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی حكومەت.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵی دەسەڵاتی دادوەریی عیراقی كرد كە هەمیشە بڕیارەكانی لەچوارچێوەی دەستوور و لەخزمەت مافەكانی خەڵكدایە بەتایبەت بڕیارەكانی پەیوەست مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەوە. داواشیكرد، وەك هەمیشە هاوكار و پشتیوانبن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان و پابەندكردنی هەموولایەك تاوەكو چیتر مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەبنە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان و مافەكانیان پارێزراوبێت.
|