یەكێتی لەگەڵ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیدایە بۆ تەوتینكردنی مووچە
نها نیوز – هەواڵەکان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق لە بەغدا کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین رووداو و پێشهاتەکانی عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ دوورخستنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە لە عیراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە.
لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا پابەندبوونی حکومەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانەوە بۆ سەرجەم هاوڵاتییان دووپاتکرایەوە.
کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ رایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدایە بۆ تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. داواشی لە سەرۆکوەزیران کرد وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان بێت بۆ پارێزگاریکردن لە ماف و شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان و رێگری لە بەسیاسیکردنی ئەم پرسە نیشتمانییە بکرێت.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا خێراترکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی خزمەتگوزار و دادپەروەر جەختیلێکرایەوە و لەو رووەشەوە سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەکرد، هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بە پرسی حکومەتی نوێ روونە و دەمانەوێت یەکسانی و دادپەروەری بنەمای حکومەتی داهاتووبێت، دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکات، ئامانجەکەی بەهێزترکردنی کوردستان بێت و توانای چارەسەکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ژیانی خەڵکی هەبێت.
|