نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق کرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەماڵی مام لە بەغدا لەکۆبوونەوەیەکدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵی نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان لەپێناو هێنانەدی ئامانجە باڵاکان بەرزنرخاند و رایگەیاند، "یەکێتی بە بایەخەوە لە رۆڵ و پێگەی ئێوە دەڕوانێت و بەدڵنیاییەوە هاوکار و پشتیوان دەبێت لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا".
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا دۆخی گشتیی عیراق و پێشهاتەکانی سوریا بوون، هەردوولا جەختیان لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی شەڕ کردەوە.
هەردوولا داوایانکرد هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و رێگریی لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان بکەن بەتایبەت پاراستنی سەقامگیریی عیراق و دوورخستنەوەی لە ململانێکان.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان تاوتوێکران و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەکرد، "جەخت لە هەڵوێستەکانی رابردوومان دەکەینەوە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار و دادپەروەر، حکومەتێک دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکات و هەوڵەکانی لەپێناو گەشەسەندنی کوردستان و داهاتوویەکی سەقامگیرتردا بێت".
لەبارەی پرسی مووچەشەوە، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردوە هاوشانی لایەنە سیاسییەکان، هاوکار و پشتیوانبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ریشەیی، پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەکارنەهێنانی شایستە داراییەکانیان لەپێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا.