دوو کەس بەهۆی غازی سۆپاوە گیانیان لەدەستدا
نها نیوز - هەواڵەکان
لە پارێزگای کەرکوک دوو کەس بەهۆی غازی سۆپاوە گیانیان لەدەستدا کە خەڵكی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانن.
موقەدەم سامان رەمەزان، بەڕێوەبەری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئازادی لە کەرکوک بە میدیای پارتی وت "دوو کرێکاری خەڵکی کۆبانێ کە دوو بۆ سێ مانگ بوو بۆ کارکردن هاتبوونە ناحیەى تازە لە کەرکوک، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆى لێچوونى گازى سۆپاوە گیانیان لەدەستداوە".
ئاشکراشیکرد "ئەو دوو کرێکارە لە خێوەتدا دەژیان. ئەم شەو نزیک کاتژمێر 2ی بەرەبەیان دوای کارکردن گەڕاونەتەوە و سۆپای گازیان هەڵکردووە، دواتر خەوتوون. بەهۆى لێچوونى گازەوە هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە".
موقەدەم سامان ئاماژەی بەوەشدا "ئێستا تەرمى هەردوو کرێکارەکە لە نەخۆشخانەى ئازادیى کەرکوکە، وتیشی "یەکێک لە کرێکارەکان خێزاندار و تەمەنی 33 ساڵ بووە؛ ئەوی دیکەیان سەڵت و تەمەنی 26 ساڵ بووە".
|