بەرپرسێکی شیعە: نەخشەی داهاتووی تورکیا هەرێمی کوردستان و کەرکوکی تێدایە
نها نیوز – هەواڵەکان
سەركردەیەک لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پێیوایە، توركیا دەیەوێت نەخشەی سەردەمی عوسمانی زیندووبكاەوەو دەشڵێت، نەخشەكە هەرێمی كوردستان و كەركوكیشی تێدایە.
سەعد موتەڵبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات بە دەنگی ئەمەریکای وت "پەلهاویشتی تورکیا و جوڵەی ئەو وڵاتە ئاماژەیە بۆ پەلهاویشتنی زیاتر و زیندوکردنەوەی نەخشەی سەردەمی عوسمانی".
موتەڵبی دۆخە مەترسیدارەکە ئاشکرا دەکات و دەشڵێت "مانەوەی دەسەڵاتی کورد لە سوریا و هەرێمی کوردستانیش گرێدراوە بە پلانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، ئەگینا تورکیا دەیەوێت نەخشەی سەردەمی عوسمانی زیندوو بکاتەوە، نەخشەکە هەرێم و کەرکوکیشی تێدایە".
وتەکانی ئەو سەرکردە شیعەیە دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەمیانەی وتارێکدا لە ئەکادیمیای زانستەکانی تورکیا رایگەیاند، ئەوە راستییە کە هەر رووداوێک لە ناوچەکەمان روودەدات بەتایبەتی لە سوریا، "ئەوە وەبیر ئێمە دەهێنێتەوە کە تورکیا لەوەی هەیە گەورەتر و بەهێزترە".
|