پارتی قسەی خۆی شکاند و لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
سەرباری ئەوەی پارتی رێككەوتنەكەی 10ی ئابی هۆتێل رەشید بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك رەتدەكاتەوە و بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كردووە، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی سەردانی پارێزگارەكەی یەكێتیی دەكات.
حەسەن شێخانی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك سەردانی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوكی كرد لە پشكی یەكێتیی.
سەردانەكەی حەسەن شێخانی لەكاتێكدایە، پارتی تائێستا بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی كردووە و دژی رێككەوتنی یەكێتیی و نیوەی پێكهاتەی عەرەبە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوك، حكومەتێك كە رۆژی 10ی ئابی ئەمساڵ لە هۆتێل رەشیدی شاری بەغدای پایتەختەوە راگەیەندرا و پارتی و بەرەی توركمانی و نیوەكەی تری پێكهاتەی عەرەب بە دانیشتنێكی نایاسایی ناویانبرد.
جێی ئاماژەشە، رۆژی 12ی تشرینی دووەمی رابردوو، حەسەن شێخانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە سایتی فەرمی حزبەكەی راگەیاند، ئێمە کە 7 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاین لەهەر سێ کوتلەی (پارتی و تورکمان و سیادە)، بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنمان کردووە تا ئەو کاتەی دادگای قەزای ئیداری بڕیارێکی دروست لەسەر سکاڵاکەمان دەدات، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ رێبوار تەها پارێزگاری ئەو پارێزگایە کۆبووەوە.
|