نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆك كۆماری توركیا جەخت لە بەردەوامی هێرشەكانیان بۆ سەر شەڕڤانان لە سوریا دەكاتەوە و دەڵێت، نابێت "پەكەكە و یەپەگە" لە سوریا داهاتویان هەبێت، ناوبراو ئەوەش ئاشکرا دەکات کە بەمزوانە وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی سوریا دەکات.
ئەمڕۆ هەینی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەكاتی گەڕانەوەی لە میسرەوە بۆ توركیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە سەرەتای وتەکانیدا شەڕڤانانی بە "رێكخراوە تیرۆریستییەكان" ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا کە كاتی كۆتاییهێنانیان لە سوریا هاتووە، هەروەها وتیشی "ئێمە دەستنیشانی دەكەین، بۆ رەواندنەوەی هەر جۆرە مەترسییە لەسەر سنورەكانی باشوركان، ئەوە ئەنجام دەدەین".
سەرۆك كۆماری توركیا وەكو هەمو جارێك جەختی كردەوە كە رێكخراوەكانی پەكەكە و یەپەگە لە سوریا "بەزوترین كات" لەناودەبرێن. هاوکات ئەردۆغان سورە لەسەر ئەوەی كە نابێت شەڕڤانانی یەپەگە لە سوریا داهاتوویان هەبێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی توركیا وتی"هەموو هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی دەسەڵاتی ئەسەد کە ستەمی لە گەلی خۆی کردووە لەبەرامبەر یاسای نێودەوڵەتیدا وەڵامدەر بێت".
سەربارەت بە سەردانیان بۆ سوریا سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، بەمزوانە وەزیری دەرەوەمان هاکان فیدان دەچێتە سوریا.
ئەوەشی خستە روو "بۆ ئەوە گەلی سوریا توشی هیچ کۆسپێک نەبن، لە قۆناغی راگوزەردا یارمەتیدەریان دەبین".
بەوتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بێت، سورییەكان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان دەدەن و توركیا تەنیا یارمەتیدەریان دەبێت بۆ دروستكردنی پێكهاتەی حكومەتی نوێ.
بەڵام ئەردۆغان لە قسەكانیدا ئەوەی نەشاردەوە كە دەیانەوێت دەسەڵاتی نوێی سوریا شەڕی شەڕڤانانی كورد بكات و وتی"ئێمە ناهێڵین دەسەڵاتی نوێی سوریا لە پرسی پەرەنگاربونەوەی داعش و پەكەكەدا، بەتەنیا بێت".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك كۆماری توركیا دەشڵێت "روسەکان دەڵێن بیر لەوە ناکەنەوە کە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکەیان لە سوریا دابخەن. بە بڕوای من ئەوە بۆ سوریا بەهادارە".
لەکۆتایی وتەکانیشیدا باسی لەوەشکرد "هاوکارییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ عێراق و سوریا پەرە پێدەدەین. ئەوە هەم دەرفەتێکە هەم بۆ تورکیا و هەم بۆ سوریا".