بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی کار دەکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدییەکان بۆ زێدی خۆیان
نها نیوز - هەواڵەکان
سەرۆکی یەکێتی بەبۆنەی (جەژنا رۆژیێن ئێزی) پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و دەشڵێت "یەکێتی بەرپرسیارانە لەگەڵ دۆخی شەنگالدا مامەڵە دەکات و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کاردەکەین بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان".
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپەیامێکی پیرۆزبایدا بەبۆنەی (جەژنا رۆژیێن ئێزی) لەپێگەی فەرمی خۆی نوسیویەتی "لەدڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم، هیوادارم ئەم جەژنە لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا بەخۆشی بەڕێبکەن".
بافڵ نوسیویشیەتی "خوشک و برایانى ئێزدى لەچەند ساڵى رابردوو بەدۆخێکى سەختدا تێپەڕین، وە ئێمە بەردەوام لەگەڵیاندابووین، بۆ گەیشتن بە مافەکانى خۆیان، بۆیە لەم بۆنەیەدا دووپاتی دەکەینەوە، لەپابەندیمان بە پاراستنی ماف و کەلتووری رەسەنی ئاینی ئێزدییەکان و هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ بەهێزکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان لەنێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان".
سەرۆکی یەکێتی ئاشکراشی دەکات "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیرى و جێبەجێکردنى داواکارى خوشک و برایانى ئێزدى، هیوادارین هەموولایەنەکانیش بەرپرسیارانە لەگەڵ دۆخی شەنگالدا مامەڵەبکەن و کاربکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان".
بافڵ تاڵەبانی لەکۆتایی پەیامەکەشیدا دەشڵێت "یەکێتی وەک هەمیشە لەگەڵتان دەبێت بۆ هێنانەدی خواستەکانتان و سارێژبوونی ئەو نەهامەتیانەی بەسەرتاندا هات".
|