نها نیوز – هەواڵەکان
فەرهاد شامی لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەنقەرە دەیەوێت کۆبانێ داگیربکات، دەشڵێت، هەرێمی کوردستان لە مەترسی بەدوور نییە. چونکە "داگیرکردنی کۆبانێ واتە داگیرکردنی ئامەد، هەولێر و مهاباد".
فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر کۆبانێ و گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام بە میدیا کوردییەکان دەڵێت "تورکیا پلانی هەیە کۆبانێ داگیر بکات، بەڵام ئەمریکا و هاوپەیمانان دژی ئەوەن".
شامی مەترسییەکی گەورە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "پاراستنی کۆبانێ و رۆژاڤا واتە پاراستنی هەر چوار پارچەی کوردستان، پێویستە هەرێمی کوردستان ئاگاداربێت و وانەزانێت لە مەترسی بەدوورە. دەشڵێت "داگیرکردنی کۆبانێ واتە داگیرکردنی ئامەد، هەولێر و مهاباد".
لەبارەی ئەوەی ئایا هەرێمی کوردستان هیچ هەڵویستێکی فەرمی هەبووە تائێستا، وتەىیژی هەسەدە نەیشاردەوە و رایگەیاند "هەڵوێستەکان تائێستا سۆزدارین، بەڵام لە ئاستی فەرمی سیاسی و سەربازی هیچ هەڵوێستێکی جدییان نەبووە".
پەیوەست بە رێککەوتن و گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام، فەرهاد شامی رونیشیکردەوە "هەرکاتێک گفتوگۆکان گەیشتنە ئەنجام رایدەگەیەنین و وەڵامی دەستەى تەحریری شام بۆ ئێمە ئەرێنییە، بەڵام نامانەوێت ئاڵۆزی لەنێوانمان رووبدات".
لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش، شامی باس لەوە دەکات کە گروپەکە چەکێکی زۆری سوپای رژێمی سوریای دەستکەوتووە و کۆنتڕۆڵی چەند ناوچەیەکی کردووە.
فەرهاد شامی باسی لە ئامانجی داعش کرد و وتی "لە ئێستادا دەمانەوێت هێرشبکەینە سەر زیندان و کەمپەکانی رۆژاڤا و بەرپرسەکانیان لە زیندان ئازادبکەن".