کوردستان

مەزڵوم عەبدی مەترسیەکی گەورە بۆسەر رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرای دەکات، داعش بەنیازە هێرشبکاتە سەر ئەو شوێنانەی كە ئەندامانی ئەو رێكخراوە لە رۆژئاوای كوردستان تێدا زیندانی كراون.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی “the World”ی بەریتانی رایگەیاند "زانیاری هەواڵگریمان هەیە سەبارەت بە پلانەکانی هێرشکردنە سەر ئەو دامەزراوانەی کە ئەندامانی داعش یان خێزانەکانیان تێدا دەستبەسەركراون".

عەبدی ئاشکراشیکرد، هێرشەکانی تورکیا میلیشیا چەكدارەكانی، کاریگەری لەسەر بڵاوەپێکردنی هێزەکانیان هەیە، ئەمەش لەبەرامبەردا کاریگەری لەسەر "ئاسایش و پاراستنی ئەو دامەزراوانە" هەیە. وتیشی "بەجدی كاردەكەین بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە لەژێر کۆنتڕۆڵدا بمێنێننەوە".

فەرماندەی (هەسەدە) ئاماژەی بە هەڕەشەکانی تورکیا بۆسەر کۆبانێ کرد و وتی "چاوەڕێی ئەوە دەکەین بەرپرسانی ئەمریکا و ئیدارەی ئێستای ئەمریکا فشاری پێویست بخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی رێگری لێبكرێت كە هێرشبكاتە سەر كۆبانێ و بگەنە رێككەوتن بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی لەو شارەدا".

ناوبراو زیاتری رونکردەوە و دەشڵێت "لە کۆبانێیەوە هاوکاری و پەیوەندیی خۆمان لەگەڵ ئەمریکا دەست پێکرد، لەوێشەوە دەستمان بە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو کرد كە شكستمان بە داعش هێنا. ئێستا ئەم شارە لژێر هەڕەشەدایە، و وەك ئەركێكی ئەخلاقی پێویستە ئەمریكا بیپارێزێت".

سەبارەت بە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەستەی تەحریر شام، عەبدی راشیگەیاند کە پەیوەندییەکان لە ئێستادا تەنها "ئەمنی"ن، ئەو فەرماندە وتیشی "لێدوانەكانی ئیدارەی نوێ لە دیمەشق، ئەرێنین و ئێمە پێشوازییان لێدەکەین".

"سەرقاڵی پاراستنی رۆژئاوای كوردستانین لە هێرشەکانی تورکیا، بۆیە هێشتا هیچ شاندێمان بۆ دیمەشق نەناردووە". فەرماندەی (هەسەدە) وایوت

هەر بەپێی وتەکانی مەزڵوم عەبدی "کوردەکان لەسوریا لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی تیرۆریان کردووە، و پێویستە مافە دەستوورییەکانی خۆیان بەدەستبهێنن، و شایەنی ئەوەن".

لەکۆتایی قسەکانیدا فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات هیوای خواست، کە ئیدارەی داهاتوو لە واشنتۆن یارمەتی سوریاکان بدات بۆ گەیشتن بە سوریایەک کە نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكان بکات، وتیشی "ئێمە لە ئێستاوە کار دەکەین و پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا هەیە، و بەردەوام دەبین لەم پەیوەندییە بەهێز و باشە".

 
2024-12-19
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.