یەکێتی مەرجی خۆی بۆ کابینەی دەیەم بەفەرمی بەپارتی راگەیاند
نها نیوز - هەواڵەکان
یەکێتی مەرجی "دوو ساڵ بە دوو ساڵ" بۆ کابینەی دەیەم لە پارتی دوپات دەکاتەوەو بە وتەی ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە، بەم جۆرە ئەزموونێکی سەرکەوتووە و یەکێتی لە کابینەی پێشوودا وەکو هاوبەشێکی حکومرانی رۆڵی نەبووە.
لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بە میدیای پارتی وت "پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بە هەوراز و نشێویی زۆردا تێپەڕین لەماوەی رابردوو و ئێستاش گرفتەکان زۆرن و تێپەڕاندن و چارەسەرکردنیان کاتی پێویستە".
وەردی لەبارەی مەرجی پێکهێنانی حکومەت بە فەرمی، دەڵێت "ئەزموونی بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکی حکومەت لەنێوان پارتی و یەکێتیدا بەشێوەی (دووساڵ بە دووساڵ) "ئەزموونێکی سەرکەوتوو" بووە و یەکێتی خوازیارە لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمان ئەزموون دووبارە بکرێتەوە، یەکێتی لە کابینەی پێشوودا وەکو هاوبەشێکی حکومرانی رۆڵی نەبووە".
وتیشی "پارتی و یەکێتی، لە دوایین کۆبوونەوەیاندا بڕیاریاندا لیژنەیەک بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکبهێنن، دوای سەری ساڵ، لیژنەی هاوبەشی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە".
ئەندامەکەی یەکێتی ئاماژە بەوەش دەدات، کە حیزبەکەی لە کابینەی پێشوودا وەکو هاوبەشێکی حکومرانی رۆڵی نەبووە و دەڵێت "نامانەوێت ئەزموونی کابینەی نۆیەم دووبارەبکەینەوە، لە کابینەی پێشوو بەشداری حکومەت بووین، نەک هاوبەش و پێویستە یەکێتی لەم کابینەیەی حکومەتدا رۆڵی زیاتری هەبێت و هاوبەشی راستەقینەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێت".
|