رێبوار تەها لەسەر شەڕی نێوان پاسەوانەكان لەبینای پارێزگا رونکردنەوە دەدات
نها نیوز - هەواڵەکان
پارێزگاری كەركوك لەبارەی شەڕی نێوان پاسەوانەكانی خۆی و پاسەوانەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رونكردنەوە دەدات و ئاماژە بەوە دەدات، ئەوانەی كەمتەرخەم بوون دەدرێنە دادگا.
ئەمشەو چوارشەممە رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوك چەند وێنەیەكی بڵاوكردووەتەوە و نوسیویەتی "لە ئێوارەی دانیشتێكدا لەگەڵ محەمەد ئیبراهیم حافیز، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و ئیبراهیم تەمیم، جێگری هونەری، كۆبوینەوە".
نوسیویشیەتی "ئیدارەی پارێزگای کەرکوک روونکردنەوە دەدات سەبارەت تێکهەڵچونێک لەنێوان پاسەوانەکاندا لە یەکێک لە دەروازەکانی چونە ژورەوەی بینای پارێزگادا".
پارێزگاری كەركوك ئەوەشی خستوووەتە روو، ئیدارەی ئەو پارێزگایە دڵنیای دەدات لایەنی ئەمنی پسپۆڕ رێوشوێنی یاسایی دەگرنەبەر و بەپێی یاسا ئەوانەی کەمتەرخەمبوون دەدرێنە دادگا.
ئەوەش لەكاتێكدایە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان پەسەوانەكانی رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك و پاسەوانەكانی محەمەد حافیز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لەناو بینای پارێزگای كەركوك رویدا و لە ئەنجامدا دوو لە پاسەوانەكانی محەمەد حافیز برینداربوون.
|