کوردستان

کۆمەڵی دادگەری بڕیار لە بارەی دوو کورسیە بەتاڵەکەیەوە دەدات

نها نیوز - هەواڵەکان

ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری ڕایدەگەیەنێت، دەیانەوێت لە ڕێگەی یاساوە ئەگەری پڕکردنەوەی جێگەی دوو کاندیدە دەرچوەکانیان یەکلا بکەنەوە. شارەزایەکی بواری هەڵبژاردنیش ئاماژە بەوە دەکات، گەر کۆمەڵ وەک لیست بکشێتەوە لە پەرلەمان ئاوا "کورسیەکیان بۆ پارتی و کورسیەکەی تریشیان بۆ یەکگرتووی ئیسلامی دەبێت".

سەرچاوەیەک لەناو کۆمەڵی دادگەری بە دەنگی ئەمەریکای وت "لەلایەن لایەنێکی سیاسیەوە لەگەڵ چەند کاندیدێکی کۆمەڵ قسەکراوە کە ڕازی ببن بەشداری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکەن و جێگەی دوو کورسیە بەتاڵەکەی کۆمەڵ پڕبکەنەوە و بڕیاری حزبەکە بشکێنن".

وتیشی "بەڵام دیار نییە ئایا هیچ کاندیدێک بە هەوڵەکانی ئەو لایەنە ڕازی دەبێت یاخود نا".

بڕیارەکەی هێرۆ عەتار بەوتەی فاروق عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری چاوەڕواننەکراو بووە، ئەو ئاشکراشی دەکات "خەریکین هەموو رێگەیەکی یاسایی بگرینەبەر کە چۆن مەمەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا بکەین، تەعامول لەگەڵ ئایندەی کاندیدەکانمان بکەین".

ئەو زیاتری خستە روو "وا بڕیارە رۆژی شەممە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵ بە سەرپەرشتی جەنابی عەلی باپیر کۆببینەوە و تاوتوێی هەنگاوەکان بکەین کە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا بکەین، بەڵام بە بڕیارەکەمان پابەند دەبین بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمان، بۆیە دەکرێت رۆژی شەممە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە بدەین".

بە پێی یاسای هەڵبژاردن بێت، دوو کورسیەکەی کۆمەڵی دادگەری بە دوو شێوە پڕدەکرێنەوە، لە ئەگەری یەکەمدا کورسیەک دەچێت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و کورسیەکەی تریش لە پارێزگای هەولێر بۆ یەکگرتووی ئیسلامی دەبێت. لە ئەگەری دووەمیشدا دوو کاندیدی تری کۆمەڵ لە دەرەوەی بڕیاری حزبەکەیان هاوشێوەی هێرۆ عەتار کورسیەکان پڕ دەکەنەوە.

لەوبارەیەوە ئارام جەمال شارەزای هەڵبژاردن دەڵێت " ئەگەر کۆمەڵی دادگەریی وەک لیست نەکشێنەوە هەنگاوی یاسایی ئەوەیە دوای مانگێکی تر دوو کاندیدی دیکەی کۆمەڵ بانگهێشت بکرێن و بەوشێوەیە هەتا هەموویان کۆتاییان دێت بزانن کێ بەشدار دەبێت، واتە تا ئەو شوێنەی کۆمەڵی دادگەریی وەک کاندید، نەک لیست، مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا بکات، دەبێت لەناو لیستەکەی خۆیدا دوو کاندید دیاریبکرێت (وەک هێرۆ عەتار)".

دەشڵێت "بەڵام خۆ ئەگەر وەک لیست لە پەرلەمان بکشێنەوە، ئەوا کورسییەکەی سلێمانییان بۆ پارتی دەچێت و کورسییەکەی هەولێریشیان بۆ یەکگرتووی ئیسلامیی دەڕوات".

2024-12-04
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.