کوردستان

ئیسرائیل بەهێرشکردنە سەر عێراق سلێمانى دەخاتە مەترسییەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

بەپێی وتەی ئەبوبەکر کاروانی سیاسه‌تمه‌دار، ئەگەر ئیسرائیل میلیشیاکانی عێراق بکاتە ئامانج مەترسی لەسەر سلێمانیش دەبێت.

ئەبوبەکر کاروانی، سیاسه‌تمه‌دار بەدووری نازانێت، ئەگەر ئیسرائیل هێرشیکردەسەر گروپە چەکدارەکانی عێراق، سلێمانیش بکاتە ئامانج.

ئه‌و سیاسەتمەداره‌ ئاماژە بەوەش دەکات "هەموو پەلاماردانێکی عێراق، بێگومان کاردانەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیشی دەبێت، هەرچەندە بەشێکی هەرێم، سلێمانی بەشی خۆی مەترسی لەسەرە و بەشی خۆی پاساوی بیانوپێگرتنی هەیە".

کاروانی مەترسی گەورە لەسەر بوونی حەشدی شەعبی لە خاکی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت "لەسلێمانی هێزێک هەیە، ئەمریکا و ئیسرائیل ‌و لایەنەکانی دیکە پێیانوایە نزیکییەکی زیاتری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و هەندێک لەدەنگۆ و راپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەدەن، ژمارەیەک لەبەرپرسانی حەشدی شەعبی پەنایان بۆ ئێرە هێناوە، هەرچەندە هیچ شتێکی یەکلاکەرەوە لەمبارەیەوە نییە، بەڵام گومان هەن".

وتیشی "گروپە چەکدارەکان کە ناتوانن بەگوێرەی پێویست تۆڵە لەئیسرائیل‌ و ئەمریکا بکەنەوە، مەترسیی هەیە تۆڵە لە ئێمە بکەنەوە، بەشێکی هێزەکانی ئەمریکا لێرەن، ئەگەر بڕیاری هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا بدەن، دەبێت جارێکی دیکە چاوەڕێ ئەوە بین پەلاماری هەولێر و هەریر بدرێت".

ئەو سیاسەتمەدارە لە قسەکانیدا مەترسیەکی دیکە دەخاتە روو، وتی "قەیرانێکی ئابووریی دروستدەبێت‌ و حکومەتی فیدراڵی مووچەی پێنادرێت، ئێمەش وەکو هاوڵاتییانی هەرێم باجەکەی دەدەین".

"زۆر گرنگ بوو لەمکاتەدا، وردە وردە خەریکە نەوتی هەرێم هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێتەوە، چونکە رەنگە لەداهاتوودا پێویستیمان پێی هه‌بێت، بۆ ئەوەی لانیکەم سەرچاوەی داهات بۆ هەرێم دابین بکات". ئەبوبەکر کاروانی وای وت
 
2024-11-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.