کوردستان

تورکمانەکان لە کەرکوک کۆتاییان دێت و بۆ سەرژمێری "یەدەگی مرۆییان" زیرۆیە

نها نیوز – هەواڵەکان

بەرەی تورکمانی رەخنە لە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە شاری کەرکوک دەگرێت و کورد تۆمەتبار دەکات بە بردنی ژمارەیەکی زۆر خێزانی کورد بۆ پارێزگاکە، بەڵام لایەنە کوردییەکان ئەو تۆمەتە رەتدەکەنەوە و ئاماژەبەوە دەکەن ئەو خێزانانەی بۆ سەرژمێری گەڕاونەتەوە "کوردی رەسەن"ی شارەکەن.

نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی لە شاری کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند "لەسەردەمی حکومەتی بەعسدا ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک 470 هەزار کەس بوو، دواتر حکومەتی بەعس 450 هەزار عەرەبی هێنایە کەرکوک و نیشتەجێیکردن، ئەمە گۆڕینی دیموگرافیای لێکەوتەوە".

نەجات ئاماژەی بەوەشدا "کاتێک حکومەتی بەعس رووخا ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک 875 هەزار کەس بوو، دوای رووخانی بەعس برا کوردەکانیش بەدەیان هەزار کەسیان هێنایە کەرکوک، بەشێک لەو کوردانە کەرکوکی بوون و بەعس دەریکردبوون، بەڵام بەشێکیان کەرکوکی نەبوون".

وتیشی "دوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کاتێک پۆستی پارێزگار کەوتەوە دەست عەرەب جارێکی تر بەسەدان هەزار عەرەب هێنرانە کەرکوک و دیسانەوە دیموگرافیای شار گۆڕدرا. ئێمەی تورکمان ژمارەمان نە زیادیکردووە نە کەم، بۆیە تورکمان مەغدورە و گەر پۆستی پارێزگاریشمان پێبدرێت یەدەکی مرۆییمان نییە، لەکوێ تورکمان بهێنین بۆ کەرکوک".

لەلایەکی دیکەوە حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئاماژە بەوە دەکات "بەمەبەستی گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە، بەر لە سەرژمێری گشتی 260 هەزار کەس لە دەرەوەوە هێنراونەتە کەرکوک و لەسەر نفوسی کەرکوک تۆمارکراون".

ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە شاری کەرکوک لە کاتێکدایە، بەپێی بڕیاری حکومەتی عێراق، تەنها ئەو خێزانانە مافی خۆ تۆمارکردنیان لە کەرکوک هەبووە کە ناویان لە تۆماری ساڵی 1957 دا هەیە.

لەبەرامبەر ئەم لێدوانانە شێرزاد سەمەد، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند "لەهەموو بۆنەیەکدا بەرپرسانی بەرەی تورکمانی کێشە دروست دەکەن و دەیانەوێت قەبارەی راستەقینەی خۆیان بشارنەوە، ئەگینا رێژەی تورکمان لە ساڵی 1957ەوە تائێستا لەنێوان 15 بۆ 18% بووە، خۆ رێژە بەزۆر زیاد ناکرێت".

ناوبراو ئاشکراشیکرد "ئەو خەڵکانەی بۆ سەرژمێری بۆ کەرکوک گەڕاونەتەوە کوردی رەسەنی کەرکوکن و ناویان لە تۆماری 57دا هەیە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە نیشتەجێی ناوچەی ترن، بۆیە دەستبەرداری خاک و ناسنامەی خۆیان نابن، تەنانەت وەسیەتیشیان کردووە بە مردوویی لە کەرکوک بنێژرێن".

سەبارەت بە هەڕەشەی بەرپرسانی بەرەی تورکمانی بۆ سکاڵا تۆمارکردن لەسەر پارێزگاری کەرکوک بە بیانووی ئەوەی ڕێگەی بەکوردانی ناوچەکانی تر داوە بۆ سەرژمێری بچنە کەرکوک، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی وتی "ئەوان هەموو کات سکاڵایان بەدەستەوەیە، بە ئەمجارەش سکاڵا بکەن و بزانین راستییەکان چۆنن، لەهەموو سکاڵاکانی رابردوویاندا هیچ سکاڵایەکیان نەبردووەتەوە، چونکە تۆمەتەکانیان بێ بنەما بوون".

تۆمەتبارکردنی کورد بە بردنی کوردانی ناوچەی تر بۆ کەرکوک بە مەبەستی بەشداریکردن لە سەر ژمێری تەنها بەرپرسانی بەرەی تورکمانی بەدەنگ نەهێناوە، بەڵکو هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیاش رایگەیاند "لەسەر هێڵ دەبین بۆ هەر ئەنجامێکی سەرژمێری کەرکوک کە پشت بە ئاماری راستەقینە نەبەستێت".

سەبارەت بە هۆکاری هاتنە دەنگی وەزیری دەرەوەی تورکیا، نەجات حسێن دەڵێت "تورکیا خۆی بە خاوەنی کەرکوک و موسڵ دەزانێت، چونکە نەوتیان تێدایە".

بەوتەی ئەو سەرکردە تورکمانییە "عەرەب دوو سێ ژن دەهێنن، هەر ژنە و چوار پێنج منداڵیان هەیە، کاک راکان پارێزگاری پێشووی کەرکوک دوو ژن و 13 منداڵی هەبوو، بەڵام تورکمان یەک ژن دەهێنن و پێیانوایە یەک دوو منداڵ بەسە، هۆکاری کەمی ژمارەی تورکمان ئەمەیە".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری لەشاری کەرکوک بە سەرکەوتوویی راگەیاند، جەختیکردەوە ڕێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتییان لە پرۆسەکەدا 100% بووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 20ی مانگی تشرینی دووەمی 2024، پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی زۆر لەو خێزانە کوردانەی لە بنەڕەتدا خەڵکی کەرکوکن و ناویان لە تۆماری ساڵی 1957دا هەیە گەڕانەوە بۆ کەرکوک، تا لەوێ سەرژمێری بکرێن.
 
2024-11-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.