ئەوانەی ناویان لە سەرژمێری تۆمارنەکراوە ئاگادار دەکرێنەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
لیژنەی باڵای ئەمنی سەرپەرشتی سەرژمێری سلێمانی رایدەگەیەنێت، ماوەی 24 کاتژمێری تر قەدەغەی سنوورداری هاتوچۆ تەنها لەنێوان شارەکان درێژکراوەتەوە، بۆ ئەوانەی هێشتا ناویان تۆمار نەکراوە.
لیژنەی باڵای ئەمنی سەرپەرشتی سەرژمێری سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، دوای بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری و پڕکردنەوەی تۆمارکردنی خێزان و دووبارە وردبینیکردن لە رۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمی 2024، هێشتا هەندێک خێزان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان و هەندێک شاری عێراق ماون تۆماربکرێن، بۆ مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەکە، ماوەی 24 کاتژمێری دیکە قەدەغەی سنوورداری هاتوچۆ تەنها لەنێوان شارەکان درێژکراوەتەوە.
لیژنەکە دەشڵێت "داواکاریین ئەو خێزانانەی تۆمارنەکراون لە ماڵەکانیان بمێننەوە و هاوکاری بژمێرەکان بکەن بۆ تەواوکردنی کارەکان، لە ماوەی ئەو 24 کاتژمێرەی داهاتوو، وەکو 48 کاتژمێری رابردوو جولەی بازرگانی و کەسابەتی خەڵک و هاتن و چوونی شاندە رەسمیی و حکومییەکان و دامەزراوەکانی حکومەت و بۆنە فەرمییەکان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و دیبلۆماتەکان و رۆژنامەنووسان بەدەردەکرێن و جوڵە و هاتوچۆیان ئاسایی دەبێت".
دووپاتیشی دەکاتەوە "داوا دەکەین ئەوانەی بە هەر هۆکارێک تا ئێستا تۆمارنەکراون، لە ماڵەکانیان بمێننەوە و چاوەڕێی هاتنی بژمێرەکان بکەن بۆ ئەوەی لەو 24 کاتژمێرە، هەموو هاوڵاتیان بە سەرکەوتوویی لە سەرژمێری تۆماربکرێن".
|