کوردستان

سەرچاوەی نەخۆشیەکەی شارەزوور ئاشکرابوو

نها نیوز – هەواڵەکان

وەزیری تەندروستی هەرێم سەرچاوەی سەرەکی نەخۆشی سکچوون و رشانەوەکەی قەزای شارەزووری ئاشکراکرد و بۆ دوو هۆکار گەڕاندییەوە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرچاوەی نەخۆشییە سکچون و رشانەوەکەی قەزای شارەزووری ئاشکراکرد "گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی بۆچوونەکانمان لەسەرەتاوە راست دەرچوو، کە بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی مەجراییەکان بەسەرچاوەی ئاوی خواردنەوە کەلەسەر رووباری بێستانسورە، بەهۆی دەرئەنجامی ئەو باران و لافاوەی چەند رۆژی رابردوو هەبووە بەداخەوە لەچەند شوێنێک لیک هەبووە واتە (لیک دروستبووە)".

سامان بەرزنجی هۆکارێکی دیکە دەخاتە روو، و وتی "هۆکارێکی دیکە رێژەی بەکارهێنانی کلۆر بووە کە ئەویش لیکی دروستکردووە، بەڵام جێی خۆشحاڵییە کە تەندروستی نەخۆشەکان لەنێوان باری سوک بۆ مامناوەند بووە، تەنیا یەک حاڵەت دۆخی تەندروستی ناجێگیر بووە و گواستراوەتەوە بۆ فریاکەوتنی سلێمانی".

سەبارەت بە ئاماری توشبوان، وەزیری تەندروستی ئاماژە بەوەش دەکات "ئاماری نەخۆشیەکە تا درەنگانی دوێنێ هەینی گەیشتە هەزار 560 حاڵەت، وە بە هەموویەوە تەنیا 70 حاڵەت لە نەخۆشخانەکان ماون زۆربەیان گەڕێندراونەتەوە بۆ ماڵەوە، داوا دەکەین لە هاوڵاتییان ماوەی چەند رۆژێک ئەو ئاوەیە نەخۆنەوە".
 
2024-11-09
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.