نها نیوز – هەواڵەکان
وتەبێژی یەکگرتووی لەبارەی بەشداریکردنیان لە حکومەتی کابینەی دەیەم بۆ نها نیوز قسە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، کە بڕیاری خۆیان داوە بەشداری کۆبوونەوەی هیچ لایەنێک ناکەن و دەشڵێت "چونکە ئەم هەڵبژاردنەش هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەر ئەم حکومەتەدا نەهێناوە"
خەلیل ئیبراهیم، وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوز دەڵێت "وەکو یەکگرتوو بڕیاری خۆمان داوە ئێمە بەشداری لە کابینەی دەیەم ناکەین بەشداری ئەم حکومەتەی دوای ئەو ئەنجامانە وەکو ئۆپۆزسیۆنێک ناکەین. جەختیشمان کردووەتەوە لەسەر ئەو بڕیارە".
وتیشی "بڕیاری ئێمە کۆتایی هاتووە و باسی ئەم لایەن و ئەو لایەنە نییە و بە ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆمان دەمێنینەوە، بەڵام ئاساییە هەر لایەنێک سەردانمان بکات دەرگامان کراوەیە و پەیوەندی حزبیمان هەیە"، وتەبێژی یەکگرتوو لەبارەی سوربونیان بەو بڕیارەوە رونیشیکردەوە "چونکە ئەمجارەش هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ئەم حکومەتەدا نەهاتووە، ئێمە رەخبەت و بڕیارمان ئەوەیە بەردەوامی بە ئۆپۆزسیۆن بوون بدەین".
سەبارەت بە کام مەرج قایل دەبن بە بەشداریکردنیان لە کابینەی دەیەم؟ خەلیل ئیبراهیم جەختیکردەوە کە ئەوان ناچینە هیچ گفتوگۆیەکەوە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت و "تەئکید لەسەر بڕیاری خۆمان دەکەین و بەشداری ناکەین بەئۆپۆزسیۆن بوین دەمێنینەوە".
جگە لەوە، خەلیل ئیبراهیم وتەبێژی یەکگرتوو رایگەیاندبوو، کە شاندێکی پارتی بۆ داوای بەشداری لە حکومەت سەردانی حزبەکەیان کردووە، حزبەکەی بەشاندی پارتییان وتووە ئەوان بەشداری حکومەت ناکەن و وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە.
جێی باسە، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاند، یەكێتی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و ئەندامێتی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پێكهێناوە.
هاوکات نها نیوز لەبەدواداچونەکانیدا ناوی ئەندامانی لیژنەی دانوستانی یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت بڵاوکردەوە کە پێکهاتوون لە؛ قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی لیژنەی دانوستان دەكات و هەریەك لە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و رێواس فایەق و نزار ئامێدی و رزگار حاجی حەمە ئەندامانی ئەو لیژنەیەن.