نها ناوی ئەندامانی لیژنەی دانوستانی یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت بڵاودەكاتەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
وا بڕیارە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لیژنەیەكی باڵا بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەت دروستبكات، نها نیوز وردەكاری زیاتر بڵاودەكاتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دەزگای میدیایی نها نیوز كەوتووە، قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی لیژنەی دانوستان دەكات و هەریەك لە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و رێواس فایەق و نزار ئامێدی و رزگار حاجی حەمە ئەندامانی ئەو لیژنەیەن.
هەر بەپێی زانیارییەكانی نها نیوز، ئەم لیژنەیە سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكات و پێشوازی لەو لایەنە سیاسییانە دەكات بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی جدی دەنێن.
سەرچاوەیەك لەناو سەركردایەتی یەكێتی بە نها نیوزی راگەیاند "ئەم جارە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێش مەرجی هەیە و پێش مەرج لە هیچ لایەنێكی سیاسیی قبوڵ ناكات، پێداگری لەسەر ئەو بەڵێنانە دەكات لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە هاوڵاتییان و لایەنگرانی حزبەكەی داوە".
|