وێنە.. لە شارەزوور باری لەناکاو راگەیەندراو 500 هاوڵاتی بە قورسی توشی سکچون و رشانەوە بوون
نها نیوز - هەواڵەکان
لە دوێنێوە 500 هاوڵاتی دانیشتوی دووگەڕەکی شارەزوور توشی نەخۆشی سکچون و رشانەوە بوون. سەبارەت بە هۆکارەکەی نها نیوز زانیاری ئاشکرا دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە نها نیوزی وت "لەشەوی رابردووەوە زیاتر لە 500 هاوڵاتی هەردوو گەڕەکی شارستانی و هەواران لە قەزای شارەزوور توشی نەخۆشی سکچون و رشانەوە بوون".
سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد "دکتۆرانی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ، هۆکاری توشبوونی ئەو رێژە زۆرە بۆ پیسبونی ئاوی خواردنەوەی ماڵەکان دەگەڕێنێتەوە".
سەرچاوەکەی نها ئاماژە بەوەش دەکات "فەرمانگەی ئاوی شارەزوو وتویەتی؛ پێرێ ئەو دوو گەڕەکە بەلۆعەیان بۆ کراوەتەوە هاوکات بووە لەگەڵ ئەو بارانە بەخوڕ و لافاوەی لە ئاوەڕۆکان وەستاوە، چونکە دوای ئەوان بەلۆعە بۆ پێنج گەڕەکی دیکە کراوەتەوە هیچ کێشەیەکیان نەبووە".
وتیشی "بۆ ئەو مەبەستە تیمێک پکهێنراوە لەسبەینێوە سەرقاڵی بەدواداچون دەبن لەسەر هۆکاری بنەڕەتی ئەو حاڵەتە و گەڕان و پشکنین دەکرێت بۆ حەوزەکانی بێستانسور لەگەڵ ئەو دوو گەڕەکە، چونکە هیچ کێشەیەک لە بۆریەکان نەبووە".
|