خاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵی هەنار قسە بۆ نها نیوز دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی دەیەمین فیستیڤاڵی هەنارە لە پارێزگای هەڵەبجە و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، قەیسەر رەحمان کە خاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵەکەیە بۆ نها رایگەیاند، ئەو فیستیڤاڵە دروستکردنی بازارێکە بۆ بەرهەمە خۆماڵی و کشتوکاڵییەکانی هەڵەبجە، لەبارەی کەپرەکانیشەوە ناوبراو دەشڵێت "لە دەرەوە یەک کەپر بە 350 هەزار دینار مامەڵەی پێوە کراوە".
قەیسەر رەحمان، خاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵی هەنار لەبارەی بیرۆکەکەیەوە قسە بۆ نها نیوز دەکات و دەڵێت "لەکۆبونەوەیەکدا داوای فکرە دەکرا، پاشان یەک مانگ گەڕانمکرد کە ھەڵەبجە بەچی دەوڵەمەندە؟ پاوەرپۆینتێکی 22 سڵایدیم دروستکرد و بیرۆکەکەم پێشنیارکرد، بیرۆکەکەم بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە".
قەیسەر ئاماژە بەوەش دەکات "پێویستە ئەوە بزانین کە فستیڤاڵ بۆنەیەکی ساڵانەی شارە و هەموو تاکێکی ئەو شارە مافی ئەوەی هەیە کە بەشداربێت وەک سەردانیکەر، کڕیار یان فڕۆشیار، چۆن شوێن بۆ بازرگانێک دابین دەکەیت بۆ بەرهەمەکانی دەبێت شوێن بۆ ئافرەتێکیش دابین بکەی کە تەنیا بە چەند شوشە روبەهەنار و دۆشاوی توو دەیەوێ بەشداربێت".
ناوبراو ئەوەش ئاشکرا دەکات کە کەپرەکان دراوە بە کۆمپانیاکان و لەوبارەیەوە وتی "بۆ هەر کەپرێک 100 هەزار دینار وەردەگیرێت، لەدەریشەوە یەک کەپر بە 350 هەزار دینار مامەڵەی پێوە کراوە".
قەیسەر رەحمان لە وتەکانیدا باس لە ئامانجەکانی بیرۆکەی فیستیڤاڵی هەنار بۆ نها دەکات کە پێکهاتوون لەمانە:
- بەدەست هێنانی سەرچاوەیەکی دارایی بۆ ئەنجومەنی رێکخراوەکان هەڵەبجە.
- فراوانکردنی چالاکیەکانی ئەنجومەنی رێکخراوەکان هەڵەبجە بەو داهاتەی لە فستیڤاڵدا بەدەستی دەهێنێت.
- دروست کردنی بازارێک بۆ بەرهەمە خۆماڵی و کشتوکاڵییەکانی هەڵەبجە.
- راکێشانی خەڵکی شارەکانی تر بۆ پارێزگای هەڵەبجە.
- دروستکردنی دەرفەتی کار بۆ خەڵکی هەڵەبجە.
|