وادەی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان ئاشکراکرا
نها نیوز – هەواڵەکان
وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق یەکەم وادەی دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات و رایدەگەیەنێت، دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەماوەی 10 رۆژدا یەکەمین کۆبوونەوە بەڕێوەدەچێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی "بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992، لەدوای کۆتاییهاتنی قۆناغی تانەکان و یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکان ئەنجومەنی کۆمسیاران ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەند دەکات و لێرەوە کاری پەرلەمان دەست پێ دەکات".
پەیوەست بە ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانەوە، غەلای ئاماژەی بەوەشکرد "پەرلەمانی هەرێم یەکەم دانیشتنی خۆی لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی هەرێم ئەنجامدەدات لەماوەی 10 رۆژدا و لەرێکەوتی پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن.
ناوبراو وتیشی "ئەگەر بانگهێشتنامە ئاڕاستەی پەرلەمانتاران نەکرا، ئەوا پەرلەمان بەشێوەیەکی ئاسایی لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی رۆژی دوای ماوەی ئاماژەپێدراو کۆدەبێتەوە".
|