نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، یەکێتی لە ڕکابەری ناترسێت و هەموومان پێویستمان بەیەکترییە و دەبێت رێز لەیەکتر بگرین. دەشڵێت " لەم سەرکردایەتییەی ئێستای یەکێتی کە ماوەی دوو ساڵە هەیە، کۆتاییمان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن هێناوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دووەمین رۆژی دیداری مێری- دا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریی پانێڵی (پەرەسەندنی داینامیکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان: لە چوار ساڵی داهاتوودا چاوەڕوانی چی بکەین؟) کرد.
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند "لەم سەرکردایەتییەی ئێستای یەکێتی کە ماوەی دوو ساڵە هەیە، گۆڕانکاریی گەورەمان کردووە و هاوسەنگیی هێزمان رێککردووەتەوە و کۆتایمان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن هێناوە".
راشیگەیاند "وەک یەکێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردن سەرکەوتوو بووین، ئێمە هانی هاووڵاتیانمان دا بۆ ئەوەی بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان ئازادانە دەنگ بدەن، لەوەش سەرکەوتوو بووین، لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە هەموو وڵاتێک پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزە".
لە پانێڵەکەدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا "یەکێتی لەڕکابەری ناترسێت، بەڵام هەموومان پێویستمان بەیەکترییە و دەبێت رێز لەیەکتر بگرین و بارودۆخێک دروستبکەین کە لایەنەکان لەبری ئەوەی پێیان شەرم بێت بەشداریی حکومەت بکەن، بێنە ناو حکومەت و گۆڕانکاری بکەن و ئێمە ئامادەی دانوستانین لەگەڵ لایەنەکان".
هەر لە پانێڵەکەدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتی "ئێمە وامانکردووە خەڵک زیاتر متمانەی پێمان هەبێت و هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن دەنگەکانمان زیاد دەکات".
دەشڵێت "یەکێتی تێبینی هەیە و پێداچوونەوە بە بارودۆخەکەدا دەکەین، هەرگیزیش پەشیمان نابینەوە لەو بەڵێن و قسانەی کە کردوومانە، لەگەڵ ئەوەشداین خەڵکی هەرێمی کوردستان متمانەیان بە دامەزراوەکان نەماوە، بۆیە پێویستە دامەزراوەی راستەقینە دروستبکەین".