نها نیوز – هەواڵەکان
وا چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلێکی سەرتاسەری و بەهێزی باران روو بکاتە هەرێم، شارەزایەکی کەشناسیش ئاماژە بەوە دەکات کەلە کۆتایی ئەم مانگەدا شەپۆلێکی سەرتاسەری و بەهێزی بارانبارین ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و ئەگەری دروسیبونی لافاوی لێدەکەوێتەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی لە پێگەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک نوسراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە "بەهۆی باڵادەستبوونی سیستەمێکی زەبەلاحی پەستان بەرزی ئایسەلەندی لە کۆتاییەکانی مانگ و بەولاوە بۆسەر خۆرئاوای ئەوروپا و بەشێکی تری ناوچەکانی ئەوروپا، بۆیه گەڕانەوەی ئەو سیستەمە بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی ئەوروپا وادەکات رێگە بۆ هاتنی سیستەمێکی تەڕ و باراناوی بۆ ناوچەکانی هەرێم و دەوروبەری بکاتەوە".
سەبارەت بەوادەی هاتنی ئەو بارانە بەهێزەش، ئەو شارەزای کەشناسیە ئاشکرایکرد "پێشبینی دەکرێت لەکۆتایی ئەم مانگە و بەولاوە بەتایبەتی نێوان هەفتەی سەرەتای مانگی یانزه شەپۆلێکی سەرتاسەری و بەهێزی باران ناوچەکانی هەرێم بگرێتەوە".
شاڵاو هیدایەت وردەکاری زیاتر دەخاتە روو، و وتیشی "سەرەتای شەپۆلەکە لەکۆتایی ئەم هەفتەیەوە بەدەرکەوتنی هەوری بەرز بۆ مامناوەند دەبێت له ئاسمانی ناوچەکان، وە ئەگەر هەیە سەرەتا لەهەندێک شوێن باران بەشێوەی لاواز دەست پێبکات، بەره بەره لەناو هەفتەی داهاتوو بەتایبەتی شەپۆلەکە بەتەواوی دەگات بۆ هەموو ناوچەکان".
بەوتەی شارەزا کەشناسەکە بێت، شەپۆلەکە حاڵەتێکی ناسەقامگیریە و سەرچاوەکەی دەریای سور و دەریای ناوەڕاستە وە شێی مەداری لە ناوچەی کەمەرەییەوە دەگات و کارتێکەر دەبێت لەسەر شەپۆلەکە بەهاوکاری حەوزی سارد لە چینە بەرزەکانی هەوادا". نابراو لە نوسراوەکەدا باسی لەوەشکردووە "شەپۆلەکە بەشێوەی تاوە بارانی بەخوڕ زیاتر و هەورە بروسکە ناوچەکان دەگرێتەوە لەکاتی تاوەکاندا هەندێک کات ئەگەری زیادبوونی خێرایی با هەیە لەگەڵ تەرزه لەهەندێک شوێن، وە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لەناوچە جیاجیاکان هەیه لەهەندێک شوێن لافاو دروست دەبێت".
راشیگەیاندووە "بڕی دیاری کردنی باران لەئێستاوە ئەستەمە، چونکە شەپۆلەکە ناسەقامگیریە و مەگەر 1 بۆ 2 کاتژمێر پێش گەیشتنی بڕی دیاری بکرێت".
"بەهۆی زۆرینەی شێیەکە گەرمۆکەییە هی دەریای سور و مەداریە بۆیه ئەگەری نزم بوونەوەی پلەکانی گەرمای لێناکرێت تەنانەت لەم ماوەیەدا زیاتر بەرزدەبێتەوە بەنسبەت ئێستاوە، وە پێشبینی کەشی سارد و بەفریشی بەگشتی لێناکرێت مەگەر لەشاخە هەرە بەرزە سنورییەکان کە بەرزیان لە 2500 بۆ سەرەوەیه کەمێک ببارێت، وە پێشبینی بارانی پەڵەشی لێدەکرێت بۆ ناوچە جیا جیاکان". شاڵاو هیدایەت وا دەڵێت