یەکێتی: هەژماری من بوو بە رابردوو
نها نیوز – هەواڵەکان
وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت "هەژماری من بوو بەڕابردوو و شتێك نەماوە بەو ناوەوەو رێگا راستەكەش كردنەوەی نووسینگەی بانكە فیدراڵییەكانە لەهەرێم".
سۆزان مەنسور، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق بە وێبسایتی فەرمیی یەكێتیی راگەیاند "لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كە سبەینێ 27-10، پاش سێ هەفتە یەكەم دانیشتن بەڕێوەدەچێت، وەك فراكسیۆن هەوڵەكانمان چڕتر دەكەینەوە بۆ تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێم".
دەشڵێت "هەژماری من بوو بەڕابردوو، شتێك نەماوە بەوناوەوە و كۆتایی هاتووە، لەكاتێكدا پێویستە تاكۆتایی ساڵ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لەیەكێك لەبانكە حكومییەكانی عیراق تەوتینیان بۆ بكرێتەوە".
سۆزان مەنسور راشیگەیاند "هەژماری من پڕۆژەیەكی شەخسییەو تەواو پێچەوانەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییە، فراكسیۆنەكەشمان بەئەركی خۆی دەزانێت لەپێناو كۆتایی هاتنی دواكەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هەوڵی جددی تر بدات بۆ ئەوەی بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، كەچاوەڕواندەكرێت تا كۆتایی ساڵ بتوانین چارەسەری ئەو كێشەیە بكەین".
وتەبێژی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "لە هەوڵی تەواوكردنی رێكارەكانی هاتنی لقی بانكە فیدراڵییەكانە بۆ هەرێم و ئامادەكاریی تەواوی كردووە ئەو پرسە بخاتە دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە".
|