كۆمسیۆن گورزێکی کەمەرشکێن دەدات لە نەوەی نوێ و کاندیدێکی پارتی
نها نیوز - هەواڵەکان
کۆمسیۆنی باڵایی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بڕیارێکدا، لەبەر سەرپێچییان نەوەی نوێ و راگرتنی کەناڵەکەی و کاندیدێکی پارتی و کریستیان بە پێبژاردن و راگرتن سزا دەدات.
ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەمیانی سێ بڕیاریدا، (رامی نوری سیاوش) كاندیدی كۆتای كریستیان لە سنوری پارێزگای هەولێر بە بڕی یەك ملیۆن دینار، بەهۆی سەرپێچیكردن لە یاسا و رێنماییەكانی كۆمسیۆن پێبژاردن سزا دا.
هاوکات ئەنجومەنەكە لە بڕیارێكی دیكەیدا، سزای پێبژاردن بە بڕی یەك ملیۆن دینار بەسەر (باخان ئازاد عەبدولڕەحمان)ی كاندیدی پارتی لە سنوری سلێمانی بەهەمان هۆكاری سەرەوە سەپاند.
لەبارەی بڕیاری سێیەمیشەوە کۆمسیۆنی عێراق لە نوسراوەکەیدا کە کۆپیەکی دەست نها نیوز کەوتووە، سەرەڕای سزادانی "نەوەی نوێ" بە پێبژاردن بە بڕی پێنج ملیۆن دینار بەهۆی پێشێلكردنی رێنمایی راگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردن، داواش لە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم دەكات رێوشوێنی پێویست بەرامبەر كەناڵی "ئێن ئاڕ تی"ی سەر جوڵانەوەكە بەهەمان هۆكار بگرێتەبەر.
|