کوردستان

کۆمسیۆن لەبارەی دەنگۆی هاککردنی سیستمی ئەلکترۆنی دەنگدان لیژنه‌ پێكده‌هێنێت

نها نیوز - هەواڵەکان

باس دەنگۆی هاککردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی دەنگدان دەکرێت، بەهۆیەوە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ پێداچونەوە بەو سکاڵایانەی لەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، سێ لیژنەی پێکهێناوە بۆ جیاکردنەوەو پلەبەندی جۆری سکاڵاکان.

لە فەرمانێکی وزاریدا بە ژمارە 123 کە تایبەتە بە پێکهێنانی لیژنەکان نوسینگەی سەرۆکی کۆمسیاران رایدەگەیەنێت‌ "لیژنەکان ئەرکیان جیاکردنەوە و پۆلێنکردنی سەرجەم ئەو سکاڵایانەیە لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت‌ و گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە لەگەڵ دیارکردنی پلەی مەترسیداری سکاڵاکان".

هەر بەپێی ئەو فەرمانە، ئەو لیژنەیەی  پێداچوەنەوە بە سکاڵاکانی سەر بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگاکی هەولێر دەکات، سەرۆکی لیژنەکە، فەیاز یاسین حسێن جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانە، ئەندامەکانی لیژنەکەش پێکهاتون لەهەریەک لە موهەنەد عەبدوڵا محەمەد، مەروان ریاز عەزیز، سەفا محەمەد کامل.

نوسراوە وزاریەکە ئەوەشی تێدا ئاشکراکراوە، کە ئەو لیژنەیەشی پێداچونەوە بەسکاڵا تۆمارکراوەکانی سەر هەردوو بازنەی سلێمانی ‌و هەڵەبجە دەکەن، پێکهاتون لە ئەحلام عەدنان لفتە سەرۆکی لیژنە و ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران، ئەندامەکانی لیژنەکەش پێکهاتون لە فەلاح حەسەن سەریح، عەلا حسێن مەهدی، مویەد شویل عبێد.

هاوکات ئەو لیژنەیەشی پێداچونەوە بەسکاڵاکانی سەر بازنەی دهۆک دەکەن، لەلایەن فەتاح محەمەد حسێن سەرۆکایەتی دەکرێت، کە هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنە، سێ ئەندامەکەشی پێکهاتون لە ئازاد نزار مزرە، حەسەنین لەیس محەممەد، عەلی سەعید جاسم.

لایخۆشیەوە هۆگر چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی تۆڕی شەمس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی "تەنها لەدەنگدانی گشتی لەهەر چوار بازنەکە لەسەر کۆی پرۆسەکە لایەنە سیاسییەکان 124 سکاڵایان تۆمارکردوە".

جێی ئاماژەیە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکردبوو، تەنها لە دەنگدانی تایبەت کە 18ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، 71 سکاڵا تۆمارکراوە، لەسلێمانی 24 سکاڵاو لەهەڵەبجەش بەهەمانشێوە 24 سکاڵا، لەهەولێر 11 سکاڵاو لەدهۆکیش 11 سکاڵا تۆمارکراوە، هەروەها لەدەنگدانی گشتی زۆرترین سکاڵا لەبازنەی سلێمانی تۆمارکراوە کە 61 سکاڵایە، لە هەولێر 30 سکاڵا، دهۆک 26‌و هەڵەبجەش یەک سکاڵای تێداتۆماکراوە، کە بەهەردوو دەنگدانی تایبەت‌ و گشتی دەکاتە 189 سکاڵا.
8کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.