کوردستان

وادەی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ئاشکراکرا

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لەدوای داخستنی سندووقەکان لە کاتژمێر 6ـی ئێوارە هەوڵ دەدەین پێش 24 کاتژمێر دەرئەنجامەکان رابگەیەنین، لای خۆشیەوە جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنەکە دەڵێت "لە یەکەم ڕۆژی بانگەشەوە تا ئەمڕۆ 55 سكاڵا تۆمار کراوە".

حاکم عومەر، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی "ئەمرۆ تەواوی وێستگەکان کرانەوە لەکاتی خۆیدا و تائێستا هیچ کێشەیەک نەبووە و پێموایە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و هیچ کێشە و گرفتێک تۆمار نەکراوە".

سەبارەت بە دەنگدانی تایبەت حاکم عومەر ئاشکرا دەکات "هیچ گرفتێکی ئەوتۆ نەبووە کە قردێلەی سوور بدرێت لە سندووقەکانى هەڵبژاردن".

لەبارەی راگەیاندنی وادەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی گشتی، ناوبراو رونیکردەوە "لەدوای داخستنی سندوقەکان لە کاتژمێر 6ـی ئێوارە هەوڵ دەدەین پێش 24 کاتژمێر دەرئەنجامەکان رابگەیەنین، واتە هەوڵدەدەین لەدوای 12 کاتژمێر لە کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان ئەنجامەکان رابگەیەنین".

لای خۆشیەوە جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "پڕۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و تائێساتا هیچ کێشە و گرفتێک رووینەداوە".

پەیوەست بەسکاڵاکانیشەوە غەلای باسی لەوەکرد، کە تائێستا هیچ سکاڵایەکیان بەدەست نەگەیشتووە، چونکە "دوای كردنەوەی سندوقەكان سکاڵاکان سەیر دەکرێن"، وتیشی "بەڵام لە یەکەم رۆژی بانگەشەوە تا ئەمڕۆ 55 سكاڵا تۆمارکراوە".

هەر پەیوەست بە راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، وتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەدا، لەدوای کۆتایهاتنی پرۆسەکە لە کاتژمێر 6ـی ئێوارە لەماوەی 24 كاتژمێردا ئەنجامە سەرەتاییەکان رادەگەیەنن و دواتر کار لەسەر سكاڵاکان دەکەن ئەگەر تۆمارکرابێت.
2024-10-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.