کوردستان

قوباد تاڵەبانی بەشی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی راپەڕین کردەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، لەسەر داوای مامۆستایانی ئایینی دەڤەری راپەڕین، بەشی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی راپەڕین کردەوە و بڕیاریشە لە ئەمساڵەوە لە هەردوو خوێندنی بەیانیان و ئێواران خوێندکار وەربگرێت.

لە ڕێوڕەسمێکدا کە رۆژی شەمە ( 19ی ئۆکتۆبەری 2024) بە ئامادەبوونی دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی دەڤەری راپەڕین بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی بە فەرمی بەشی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی راپەڕین کردەوە. کردنەوەی ئەم بەشە لە زانکۆی راپەڕین، دوای کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی دەڤەرەکە بڕیاری لەسەر درا. 

لە ڕێوڕەسمەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەدا کردنەوەی ئەم بەشە لەسەر بنەمای رێبازی سەرۆک مام جەلالە کە بەردەوام جەختی دەکردەوە لەسەر پاراستن و گرنگیدان بە بەها بەرزەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هیوای خواست هاندەرێک بێت بۆ قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە دەڤەرەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا دکتۆر پەیمان رەمەزان، سەرۆکی زانکۆی راپەڕین سوپاسی پشتگیرییەکانی قوباد تاڵەبانی و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بۆ کردنەوەی ئەم بەشە و رایگەیاند لە ئەمساڵدا لە هەردوو خوێندنی بەیانیان و ئێواران خوێندکار لە بەشی خوێندنی ئیسلامی وەردەگیرێت.

هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا دکتۆر ئیبراهیم عەبدولباقی، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی ئیدارەی راپەڕین سوپاسی قوباد تاڵەبانی کرد بۆ گرنگیدان بە کردنەوەی بەشی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی راپەڕین و کردنەوەی ئەم بەشەی بە هەنگاوێکی گرنگ دانا بۆ برەودان بە بەها بەرزەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە ناوچەکەدا.

2024-10-19
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.