کوردستان

دەنگدان لە بنکەیەکی هەولێر پەکی کەوت

 نها نیوز - هەواڵەکان 

لە بنکەی سامانی شاری هەولێر کێشەی پەنجەمۆر دروستبووە، عەبدولوەهاب حوسێن، یەک لە سەرپەرشتیارانی بنکەکە دەڵێت "تاوەکو ئێستا کێشەکە بەردەوامە و رەنگە پرۆسەکە دوابکەوێ".

بەگوێرەی میدیای پارتی، لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کە کاتژمێر حەوتی بەیانی دەستی پێ کردووە، کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر لە بنکەکە هەیە و لە دەستپێکی پرۆسەکە تا ئێستا کێشەکە بەردەوامە".

لای خۆشیەوە عەبدولوەهاب حوسێن، یەک لە سەرپەرشتیارانی بنکەکە لەسەر لیستی پارتی ئاشکرای دەکات "پرۆسەکە بە ڕێکوپێکی لە بنکەکە بەڕێوە دەچێت، نزیکەی 1734 کەس لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە بنکەی سامان دەنگ دەدەن و تائێستا 300 دەنگدەری تایبەت دەنگیان داوە".

ئەو سەرپەرشتیارە وتیشی "گرفتی نەخوێندندەوەی پەنجەمۆر لە بنکەکە هەیە، داوای کرد هەرچی زووە لایەنی پەیوەندیدار ئەو کێشەیە چارە بکەن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا "پرۆسەی دەنگدان بە دوو خولەک تەواو دەبێت، بەڵام کە پەنجەمۆر نەخوێندرێتەوە، قەرەباڵغی دروست دەبێت و ڕەنگە پرۆسەکە دوا بکەوێت و تەواو نەبێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە، کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەچێت.


جێی ئاماژەیە، بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.
2کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.