کوردستان

بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی دەنگدانەوە رایگەیاند "سبەی رۆژێكە تاوەكو بڕیارە گرنگ و یەكلاكەرەوەكە لەبارەی چارەنووسی خۆتان و نەوەكانتان بدەن. ئەو رۆژەیە كە دەتوانن بە دەنگەكانتان كۆتایی بە غەدر و نادادیی ئەم حوكمڕانییە چەوتە بهێنن كە هەمووشتێكی بۆ گرنگە ژیان و گوزەرانی ئێوە نەبێت".

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی:

شک و برا و هاوڕێکانم
هێزە قارەمانەكانی پێشمەرگە، ناوخۆ، پۆلیس و ئاسایش

سبەی رۆژێكی مێژوویی و گرنگە بۆ گۆڕانكاریی گەورە لە پرۆسەی حوكمڕانی و كۆتاییهێنان بە عەقڵییەتی خۆسەپێنی، تاكڕەوی و جیاكاری. سبەی رۆژێكە تاوەكو بڕیارە گرنگ و یەكلاكەرەوەكە لەبارەی چارەنووسی خۆتان و نەوەكانتان بدەن. ئەو رۆژەیە كە دەتوانن بە دەنگەكانتان كۆتایی بە غەدر و نادادیی ئەم حوكمڕانییە چەوتە بهێنن كە هەمووشتێكی بۆ گرنگە ژیان و گوزەرانی ئێوە نەبێت. بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بیرتانبێت ئەوەی لە بەغدا شەڕی مووچە و قووتی ئێوەی دەکرد، ئەوەی سنووری بۆ تاکڕەوییەکان دانا و دژی جیاکاری و گەندەڵییەکان وەستایەوە، ئەوەی خەمی ئێوە و نەوەکانتانی دەخوارد ئێمەبووین نەک ئەوانەی تا قوڕگیان گەندەڵییە و جوامێرییەكانی ئێوە دەکەنە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، کاتێکیش لێیان دەقەومێ، ئینجا ئێوەیان بیردەکەوێتەوە.

سبەی رۆژێكی گرنگە و  بڕیارە راستەکە بدەن، بە دەنگەکەت داهاتووی خۆت و منداڵەکانت دیاری دەکەیت، بڕیار دەدەیت ئەم تاکڕەوی و خۆسەپێنییە بەردەوامبێت یاخود بەجارێک رایاندەماڵن. مەهێڵن لەوەزیاتر یاری بە چارەنووستانەوە بکرێت و قووتی منداڵەکانتان لەژێر دەست و رەحمەتی خۆسەپێناندا بێت. ئێوە دەنگ بدەن و شەڕی داهاتوو بۆ ئێمە جێبهێڵن، ئێمە دەزانین چۆن فێریان بکەین کە ژیانی خەڵکەکەمان زۆر لەوە پیرۆزتر و گەورەترە کە ئەوان بیری لێدەکەنەوە. ئێوە کچان و کوڕانی رۆژی سەخت و قوربانیدانن، مەهێڵن جگە لە خۆتان کەسیتر بەرهەمی رەنج و ماندووبوونتان بخوات، ئێوە شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانەتر و شایستەترن، شایستەی ئەوەن منداڵەکانتان بە سەربەرزییەوە بژین و خێزانەکانتان لە سەقامگیریدابن. بەڵێن و کردارمان یەکن، ئێوە بڕۆن دەنگبدەن و زامنکردنی ژیانتان و شەڕکردن لەسەر مافەکانتان لەسەر ئێمەیە، ئەمە بەڵێنی ئێمەیە و دەشزانن ئەوەی دەیڵێم جێبەجێی دەکەم. 

دروود و سڵاو بۆ رۆحی شەهیدان، سوپاس و ستایش بۆ ماندووبوون و خۆڕاگریتان.

براتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی

9کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.